سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن داوای لێبوردن لە پەرلەمانتاران دەکات

شێنزۆ ئابێ کاتیک سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بوو، بە زۆر کەیسی گەندەڵی تۆمەتبارکرا

سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن لەکاتی داوای لێبوردن کردن، وێنە: STR / JIJI PRESS / AFP
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن لەکاتی داوای لێبوردن کردن، وێنە: STR / JIJI PRESS / AFP

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن، یەک رۆژ لەدوای ئەوەی داواکاری گشتی رایگەیاند، نیازی نییە تۆمەتباری بکات لە کەیسێکی پارەدارکردن، رۆژی هەینی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن داوای لێبوردنی لە پەرلەمانتارن کرد.

شێنزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن رەتیکردەوە هیچ سەرپێچییەکی کردبێت، بەڵام دانی بەوەدا نا، لێدوانی لەبەردەم پەرلەمان داوە، کە دواتر دەرکەوتووە راست نییە.

ئابێ، رۆژی هەینی (25-12-2020) بە پەرلەمانتارانی گوت "دەرکەوت من، هەندێک روونکردنەوەی هەڵە و پێچەوانەی واقیعم داوە، هەرچەندە نەمزانیوە وابووە، بەڵام هەست بە بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی دەکەم. زۆر پەشیمانم لەوە و داوای لێبورد لە هاوڕێیانی پەرلەمانتارم دەکەم".

کەیسەکە سەبارەت بە ئامادەکردنی چەند خوانێکە لە فێستیڤاڵی "کرانەوەی گوڵی گێلاس"، کە حکومەت پاڵپشتی دەکات. لەو خوانانەدا، لایەنگرانی ئابێ بانگهێشتکراون و خوانەکانیش، ساڵانە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ (تاوەکو 2019) زیاتر لە 8 ملیۆن یین (76 هەزار دۆلار)ـیان لێ خەرجکراوە، بەبێ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بەپێی یاسا ئاشکراکرابن.

پێشتر ئابێ رەتیکردبووەوە نووسینگەکەی، پارەی ئامادەکردنی ئەو خوانانەی دابێت.

رۆژی پێنجشەممە، ئابێ بۆ یەکەمجار لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی لەمساڵدا بەهۆی رەوشی تەندروستیی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست و رایگەیاند ئەو ئاگاداری ئەو پارەدارکردنە نەبووە.

بەڵام، پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن هێرشیان کردە سەری. کیمی تسۆگیمۆتۆ، لە حیزبی دەستووریی دیموکراسی گوتی "لە کۆمپانیایەکی تایبەت، ئەگەر سەرۆکی کۆمپانیاکە سەد جار لێدوانی درۆی دا، دواتر داوای لێبوردنی کرد و گوتی کارمەندێک هەڵیخەڵەتاندووە، ئایا لێی خۆشدەبن؟"، پاشان داوای کرد ئابێ لە کورسییە پەرلەمانییەکەشی دەستلەکار بکێشێتەوە.

شێنزۆ ئابێ کاتێک سەرۆکوەزیران بوو، بە زۆر کەیسی گەندەڵی تۆمەتبارکرا، بەڵام هەمیشە توانیویەتی خۆی لێیان دەرباز بکات.

سەرچاوە: AFP

هـ.ر.