بکوژی ئافرەتەکەی سلێمانی و دوو کەسی دیکە دەستگیرکران
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژی ئافرەتەکەی پرۆژەی نیشتەجێبوونی گوڵی شاری راگەیاند و ئاماژەیداوە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە و بەرە بەیانی ئەمڕۆ بکوژەکە و دوو کەسی دیکە دەستگیرکران.
ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بکوژەکە بە چوار گولـلە ئافرەتەکەی کوشتووە و دوای ئەنجامدانی تاوانەکەش هەوڵیداوە بە هاوکاریی برایەک و زاوایەکی بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت، بەڵام دوای چاودێری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبارە، بەیانی ئەمڕۆ توانرا تۆمەتبارەکە و دوو هاوکارەکەی دەستگیر بکرێن.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتباری بکوژ بەماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و هەروەها هەردوو تۆمەتبارەکەی دیکە، کە هاوکاریی بوون بۆ ئەوەی دەربازی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی بکەن، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، دوای دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێک لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ناوەندی شاری سلێمانی، ئاری لەتیف گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئافرەتەکە تەمەنی 40 ساڵانە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام نیشتەجێی سلێمانییە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، ئافرەتەکە نیشتەجێی گوندی ئەڵمانی بووە و بۆ سەردان چووەتە پرۆژەی نیشتەجێبوونی گوڵی شار.
ئێستا تەرمی ئافرەتەکە لە پزیشکی دادی سلێمانییە و چاوەڕێی کەس و کارەکەی دەکرێت بۆ ئەوەی تەرمەکە رادەستیان بکرێتەوە.