پەرلەمانتارێکی ئێران: ئەمریکا مەرجەکانی تارانی بۆ دانوستان قبووڵ کردووە

لە کاتێکدا پەرلەمانتارێکی ئێران رایدەگەیەنێت کە ئەمریکا مەرجەکانی تارانی بۆ دانوستانی ئەتۆمی قبووڵ کردووە، راوێژکاری باڵای خامنەیی جەخت دەکاتەوە کە بەرنامەی مووشەکی هێڵی سوورە و گفتوگۆی لەسەر ناکرێت.

هەینی 13ـی شوباتی 2026، مەحموود نەبەوییان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، شاندی ئەمریکا بە مەرجەکانی تاران بۆ دانوستان رازی بووە و گفتوگۆکردنی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و مافەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم قبووڵ کردووە.

ئاشکراشی کرد، ئەمریکا داوای دانوستانی راستەوخۆی کردووە، بەڵام ئێران ئامادە نییە راستەوخۆ دانوستان ئەنجام بدات. ئەم لێدوانەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی 6ی ئەم مانگە، لە مەسقەتی پایتەختی عومان پەیام لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ کرا و ئەنجامەکەی بە ئەرێنی وەسفکرا.

لە لایەکی دیکەوە و وەک وەڵامێک بۆ فشاری وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل، عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای رێبەریی ئێران رایگەیاند، بەرنامەی مووشەکی وڵاتەکەی هێڵی سوورە و بۆ دانوستان نییە. شەمخانی دوای سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ واشنتن گوتی: ئەگەر دانوستانەکان لۆژیکی بن، لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەیە، بەڵام دانوستان لەسەر مووشەک ناکەین.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیلیش، شەمخانی هۆشداریدا کە وڵامیان بەرانبەر هەر هێرشێک زۆر توند و یەکلاکەرەوە دەبێت و پێی وایە ئیسرائیل بە بێ پشتیوانی ئەمریکا هیچ هەنگاوێک هەڵناگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بە ترەمپی گوتووە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت مووشەکی بالیستی و پرسی هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە خۆ بگرێت.