کرێملن وادەی گفتوگۆی سێقۆڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا لە جنێڤ ئاشکرا دەکات
کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە لە شاری جنێڤی سویسرا، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان بەڕێوەبچێت بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا.
هەینی 13ـی شوباتی 2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین بە ئاژانسی ریا نۆڤۆستیی رووسی ڕاگەیاندووە، ئەم گەڕەی دانوستانەکان بە شێوازی سێقۆڵی لەنێوان رووسیا، ئەمریکا و ئۆکراینادا دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم، کۆتایی بەم ململانێیە بهێنێت.
هاوکات ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری زی ئەتلانتیک ئامادەیی کیێڤی نیشاندا بۆ پشتیوانیکردن لە پێشنیازەکانی ئاشتیی ئەمریکا بە شێوەیەک پرۆسەکە خێراتر بکات.
زێلێنسکی راشیگەیاند کە وڵاتەکەی لە هیچ شتێک ناترسێت و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و راپرسی لەسەر رێککەوتنەکە، بەڵام بەو مەرجەی رێککەوتنەکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئۆکراینا نەگەیەنێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ی شوباتی 2026، دووەمین گەڕی دانوستانی نێوان نوێنەرانی ئۆکرانیا و رووسیا بە ناوبژیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەبوزەبی بەرێوەچوو.
دانوستانەکان بە بەشداریی شاندی باڵای هەردوو وڵاتبوو؛ شاندی ئۆکرانیا لەلایەن رۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە سەرپەرشتی دەکرا، و شاندی رووسیاش لەلایەن ئیگۆر کۆستیوکۆڤ، بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازییەوە نوێنەرایەتی دەکرا. لایەنی ئەمریکی کە وەک ناوبژیوان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیە، لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپەوەبوو.