ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران مافی خاوەندارێتی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمیی هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دان بەوەدا دەنێت کە بەهۆی لەناوچوون یان زیانپێگەیشتنی بەشێک لە ژێرخانەکانەوە، دۆخی ئەتۆمیی ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هاوکات جەخت لە مافی تاران دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە.

هەینی، 13ـی شوباتی 2026، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بە دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کرد و رایگەیاند: "هاوکێشەکە بۆ ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە ڕووی تواناکانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەستە بەو ژێرخانانەی کە چیتر نەماون یان زیانی زۆر سەختیان بەرکەوتووە.

هاوکات گرۆسی دووپاتی کردەوە کە، "ئێران مافی تەواوی خۆیەتی کە خاوەنی توانای بەرنامەی ئەتۆمیی بێت بۆ مەبەستی مەدەنی و ئاشتییانە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە روونکردنەوەی دا لەسەر سروشتی ئێستای چاودێرییەکانیان و ئاشکرای کرد: "ئاژانسی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە ئەنجامدانی پشکنینەکان لە ناوخۆی ئێراندا، بەڵام ئەو پشکنینانە ئەو دامەزراوە و بنکانە ناگرنەوە کە پێشتر هێرشیان کراوەتە سەر".