واشنتن پۆست: هەڵاتنی بەشێک لە چەکدارانی داعش لە سووریا زەنگێکی مەترسیداربوو بۆ ئەمریکا
بەپێی زانیاریی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا هۆشداری توندی داوەتە بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە مەترسیی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە سەرۆکی سووریا و جەختی کردووەتەوە کە ناوبراو توانای پاراستنی زیندانەکانی داعشی نییە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە، واشنتن لە پایزی رابردوودا بە روونی بە بەغدای گوتووە: ئەگەر حکوومەتەکەی شەرع کۆنترۆڵی زیندانییە تیرۆریستەکان بگرێتە دەست، ئەوا لە قۆناغێکدا ئەو زیندانیانە ئازاد دەکرێن یان هەڵدێن و جارێکی دیکە هێرش دەکەنەوە سەر عێراق.
بەپێی راپۆرتەکە، نیگەرانییەکان کاتێک بوون بە راستی کە لە 19ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەم هێرشە بووە هۆی ئەوەی هەسەدە ناچار بێت زیندانی شەدادی و کەمپی هۆل جێبهێڵێت، لە ئەنجامدا نزیکەی 200 چەکداری داعش دەرفەتیان بۆ رەخسا و هەڵاتن.
هەرچەندە ئەمریکا ئەو چەکدارانەی بە مەترسیدار وەسف نەکردووە و بەشێکیان دەستگیرکرانەوە، بەڵام رووداوەکە زەنگێکی مەترسیداری بۆ واشنتن و بەغدا لێدا. ئەمەش وایکرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 27ـی کانوونی دووەم و براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە 21ی کانوونی دووەم، پەیوەندیی بەپەلە بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
سەبارەت بەم دۆخە، عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، جووڵە سەربازییەکانی هێزەکانی شەرعی بە دەستدرێژی ناوبرد و رەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و رایگەیاند، گەلی کورد بووەتە قوربانیی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە بەسەر سەری ئەواندا بەبێ ئاگاداری ئەوان کراوە.
لەلایەکی دیکەوە جیوانی سۆز، توێژەری کورد بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، سەرۆکی سووریا ناتوانێت کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات، چونکە ئەو هێزە چەکدارانەی شەرع پشتیان پێ دەبەستێت، فرەچەشنن و ململانێی ناوخۆییان هەیە، بۆیە مەترسییەکە هێشتا بەردەوامە.
هەروها هەینی 13ـی شوباتی 2026، سێنتکۆم ڕاگەیەندراویکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی زیندانیانی داعش کە لە 21ـی مانگی ڕابردووی ئەمساڵەوە دەستیپێکردبوو کۆتاییهات و 5700 زیندانیکراوی داعش، کە سەرجەمیان ڕەگەزی نێرن لە زیندانەکانی سووریاوە گواستراونەتەوە عێراق.
هەر ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماری کۆتایی پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە سووریاوە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پرۆسەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە و ئاماژەی بەوەش دا، کۆی گشتی ئەو زیندانییە داعشانەی کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق، ژمارەیان گەیشتووەتە پێنج هەزار و 704 کەس، کە هەڵگری رەگەزنامەی 61 وڵاتی جیاوازن.
چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا.
ئاماژەشی دابوو، لە کۆتایی پرۆسەکە ئامانجییانە نزیکەی 7000 چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق.
چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، سەرجەم ئەو زیندانییانە لەژێر سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لەلایەن دەستەیەکی دادوەریی پسپۆڕەوە لە عێراق دادگایی دەکرێن.