مەزڵووم عەبدی: کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ روبیۆ هەبوو

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی باشمان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سووریا ئەنجام دا و تێیدا چارەنووسی گەلی کورد، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئایندەی سیاسیی سووریا تاوتوێ کرد.

هەینی 13ـی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئاشکرا کرد و گوتی: کۆبوونەوەکە بە گشتی باش بوو، پێکەوە باسی پرسی یەکگرتنەوە، چارەنووسی گەلی کورد، دۆخی ئێستای سووریا و نەخشەڕێگەی ئایندەی وڵاتەکەمان کرد.

سەبارەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بابەتە یەکێک بووە لە تەوەرەکانی گفتوگۆکە و لەو بارەیەوە لایەنی ئەمریکی هەڵوێستێکی ئەرێنی نیشان داوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت لە کۆبانێ و قامشلۆ، مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە، بە گشتی ئاگربەست بەردەوامە، هەرچەندە هەندێک ئاستەنگ ماون کە کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکەین." ئاماژەشیی بەوەش کرد، یەکێتیی ئەوروپا تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ پاڵپشتیکردنی ناوچەکە هەیە و ئەوان هەوڵ دەدەن ئەو ئەرێنیبوونە بگۆڕن بۆ ئەنجامی پراکتیکی.

مەزڵووم عەبدی ئەوەشی خستە روو کە کارنامەی سەردانەکەی بۆ میونشن پڕە لە دیداری دیپلۆماسی و بڕیارە سبەینێش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان ئەنجام بدات.

لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنووسساز لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەڕێوەچوو، کە تێیدا چەندین پرسی هەستیاری پەیوەست بە ئایندەی ناوچەکە و قەیرانی سووریا تاوتوێ کران.

هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاری کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی شاری میونشنی بڵاوکردەوە، کە تێیدا مارکۆ ڕوبیۆ، جەختی لەوە کردەوە کە پرسی سووریا، یەکخستنەوەی نیشتمانی و مافی پێکهاتەکان لە ئەولەویەتە هەرە لەپێشینەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدان.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، لە دیدارەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر پرسی یەکخستنەوەی هێزەکان و دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی و لە سەرووی هەمووشیانەوە مافی کورد و درووزەکان، هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش کرایەوە.

لە لایەن خۆیەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بایەخێکی تایبەت بە مەلەفی سووریا دەدات و پرسەکانی وەک یەکخستنەوەی لایەنەکان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکان و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆری خستووەتە سەرووی ئەجێندای کارەکانی کابینەکەیەوە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دیدارەکە ئەرێنی بووە و بڕیارە مەزڵووم عەبدی و وەفدی یاوەری لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەردەوام بن لە زنجیرە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی جیهان بۆ تاوتوێکردنی ئایندەی سووریا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەینی، لە شاری میونشنی ئەڵمانیا و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی، لووتکەیەکی سێقۆڵی لە نێوان شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات و وەزیرانی دەرەوەی واشنتن و دیمەشق بەڕێوەچوو.