ئیسرائیل: حەماس داماڵینی چەکی رەتکردووەتەوە و ئامادەین بۆ هێرشکردن
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، لە کاتی بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانی بۆ شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، پەیامێکی توندی ئاراستەی لایەنەکان کرد و رایگەیاند، سوپاکەیان لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ گۆڕینی ستراتیژییەتەکەی لە بەرگرییەوە بۆ هێرشکردن.
هەینی 13ـی شوباتی 2026، ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی سوپا لە رەفەح گوتی،"ئێمە ئامادەین لە بەرگرییەوە بگۆڕێین بۆ هێرش و وەڵامی هەر پێشێلکارییەک دەدەینەوە." جەختی لەوەشکردەوە، ئیسرائیل دەستبەرداری ئامانجی داماڵینی تەواوەتی چەکی غەززە و هەڵوەشاندنەوەی حەماس نابێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە،"پلانەکانمان بۆ یەکلاکردنەوەی سەربازی ئامادەن و ئەوەی لە غەززە جێبەجێی دەکەین، بۆ ناوچەکانی دیکەش ڕاستە."
لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس بە توندی ئەو هەڕەشانەی رەتکردەوە، مەحموود مەرداوی، بەرپرس لە بزووتنەوەی حەماس، رایگەیاند،"مەحاڵە حەماس چەکەکەی رادەست بکات لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە سیاسەتی تیرۆرکردن."
مەرداوی ئاماژەی بەوەشکردووە، بزووتنەوەکەیان پابەندی ئاگربەستە، بەڵام ئیسرائیل بە جۆرێک رەفتار دەکات وەک بڵێی پابەندی هیچ شتێک نییە، گوتیشی،"چەکی حەماس تەنها ئەو کاتە دەبێتە موڵکی دەوڵەت، کە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دابمەزرێت."
ئەم لێدوانانەی هەردوولا لە کاتێکدایە کە گرژییە مەیدانییەکان لە کەرتی غەززە بەردەوامن هەروەها هەردوولا یەکتر بە پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکانی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.
لەمبارەیەوە، چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە لێدوانە توندانە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی خولێکی نوێی پێکدادانە سەربازییەکان زیاد دەکات، سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.