ترەمپ: ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئامادەکارییە بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند واشنتن بە وردی چاودێری پرسی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەکات و خاوەنی "بیرۆکەی تایبەتە" لەو بارەیەوە، هاوکات بڕیاری ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد"ی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو و فشارێکی زیاتر بۆ سەر ئێران.

هەینی 13ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئێمە چاودێری پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین و دەبینین چی روودەدات، هەندێک بیرۆکەی تایبەتمان لەو بارەیەوە هەیە.

سەرۆکی ئەمریکا بەبێ ئەوەی راستەوخۆ ناوی هیچ کاندیدێک بێنێت، ئاماژەی بە هێز و پێگەی وڵاتەکەی کرد و ئاماژەشی دا، لە کۆتاییدا، هەمووان پێویستیان بە ئەمریکایە و هەمووان پێویستیان بە ئێمەیە.

لەبارەی ناردنی دووەم گرووپی کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: ناردنی ئەو کەشتیگەلە بۆ ئەوەی ئەگەر لەگەڵ ئێران رێکنەکەوتین، کە رەنگە پێویستیمان پێی بێت؛ ئاماژەشی دا، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئەو کەشتیگەلە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ دەکەوێت.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە جووڵەپێکردنی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد بۆ ناوچەکە وەک ئامادەکارییەکە بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو. هاوکات سەبارەت بە مەلەفی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ترەمپ گوتی: پێموایە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو دەبن، بەڵام ئەگەر ئەوە روونەدات، ئەوا دەبێتە رۆژێکی زۆر خراپ بۆ ئێرانییەکان.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی دەیەوێت بە خێرایی بگاتە رێککەوتن و گوتی: پێویستە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکەین، پێشبینی دەکەم مانگی داهاتوو بگەینە ئەنجام و دەبێت ئەوە بە خێرایی رووبدات.

ترەمپ هۆشدارییەکی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: ئەگەر رێککەوتنەکە واژۆ نەکرێت، ئێران رووبەڕووی شۆکێکی گەورە و بارودۆخێکی زۆر قورس و دژوار دەبێتەوە.