تۆم بەڕاک: دەستپێشخەرییەکانی ترەمپ و روبیۆ ئاشتی بۆ هەموو سوورییەکان دابین دەکەن
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی دیمەشق و هەسەدە لەگەڵ سیناتۆرانی ئەمریکا بە دەستکەوتێکی گرنگ وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دەستپێشخەرییەکانی ئیدارەی ترەمپ بە پشتیوانی هەردوو پارتی گەورەی ئەمریکا، زەمینە بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی و ئاشتییەکی بەردەوام خۆش دەکەن.
شەممە 14ی شوباتی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە بارەی کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی سووریا کە پێکهاتوون لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریا (هەسەدە) و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و ئیلهامە ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ شاندی سیناتی ئەمریک بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شاهین، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ئامانج لەم هەوڵانە فەراهەمکردنی ئاشتیی بەردەوام، سەقامگیری و خۆشگوزەرانییە بۆ سەرجەم خەڵکی سووریا؛ دەشڵێت: ئەمەش بە یەکگرتوویی ئەنجامی دەبێت.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، راشیگەیاند، پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەر دوو پارتەکەی ئەمریکا بووەتە هۆی بەدیهێنانی پێشکەوتنی راستەقینە.
بەڕاک ستایشی رۆڵی سیناتۆر شاهینی کرد لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC2026) و جەختی کردەوە لەسەر دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کە لەلایەن خودی سوورییەکانەوە بەڕێوەبچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە هەر ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارەکانی شاندی سووریا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ جین شاهین، سیناتۆری دیاری ئەمریکی کۆبووەوە.
ئاماژەشی داوە، تەوەرەی سەرەکیی دیدارەکە تاوتوێکردنی رێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بووە، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر رێکارەکانی مسۆگەرکردنی ئاگربەست و بەهێزکردنی سەقامگیری لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستادا.