ئاسایشی هەولێر باندێکی مەترسیداری دزیکردنی دەستگیرکرد
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی دزیکردنی راگەیاند، کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا زیاتر لە 50 تاوانی جۆراوجۆریان لە نێو شاری هەولێردا ئەنجامداوە.
شەممە 14ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، رایگەیاند، باندێکی دزیکردنیان دەستگیرکردووە کە لە یەک کۆڵان 29 دزییان کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم باندە کە لە دوو تۆمەتبار پێکهاتوون، شێوازێکی تایبەتیان بۆ دزیکردن بەکارهێناوە، ئەویش شکاندنی جامی ئۆتۆمبێلەکان و بردنی کەلوپەل و داراییەکانی نێو ئۆتۆمبێل بووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاسایش، تۆمەتبارەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو هەفتەی دووەمی مانگی شوبات، جامی زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێلیان شکاندووە.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنجی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییان ئەوەیە کە تەنها لە یەک کۆڵاندا 29 تاوانی دزییان ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، جەختی لەوەکردووەتەوە، دوای چاودێرییەکی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر توانییان شوێنی تۆمەتبارەکان دەستنیشان بکەن و بە بڕیاری دادوەر دەستگیریان بکەن، لە ئێستادا هەردوو دەستگیرکراوەکە رادەستی یاسا کراون بە مەبەستی وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە.