واشنتن جەخت لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا چەندین پرسی جێی بایەختیان تاوتوێ کرد. هاوکات نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەم‌ریکا بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و گەشەپێدانی دامەزراوەکان کردەوە.

شەممە، 14ـی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ ئالیسۆن هووکەر، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سیاسی کۆبووەوە.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەم‌ریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و چەندین پرسی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەمهریکا بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و گەشەپێدانی دامەزراوەکان کردەوە.

لای خۆیه‌وه‌ هووکەر ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی له‌ رێککه‌وتنی نێوان دیمه‌شق و هه‌سه‌ده‌دا کرد، هەروەها پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ عێراق و قەوارەی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە.