حەوت دەریاوانی ئێرانی لە گەرووی هۆرمز بێسەروشوێن بوون
بەلەمەکەیان ئاوی تێچووە و لە کەشوهەوایەکی نالەبار نقووم بووە

K24 - هەولێر
بەلەمێکی ئێرانی رۆژی هەینی لە دووریی 25 میل لە باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەی لارکی ئێران نقووم بوو، بەهۆیەوە هەر حەوت دەریاوانی سەر بەلەمەکە بێسەروشوێن بوون و تائێستاش نەدۆزراونەتەوە.
ئیسماعیل مەکیزادە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کاروباری بەندەر و دەریاوانی لە پارێزگای هۆرمزگان بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندووە، کاتژمێر شەش و نیوی ئێوارەی هەینی، سەنتەری رزگارکردنی دەریایی لە پارێزگای هۆرمزگان پەیوەندیی بێتەلی پێوەکراوە، کە کەشتی "لاندینگ کرافت" لە باشووری دوورگەی لارک ئاوی دەچێتە ناوەوە.
راستەوخۆ دوای وەرگرتنی زانیارییەکان، بەگوتەی ئیسماعیل مەکیزادە کەشتییەک بە 12 دەریاوانەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بۆ ئەوەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاوی و ئاسمانی بکەن بۆ رزگارکردنی کەشتیوانەکان.
بەهۆی "خراپیی دۆخی کەشوهەوا" شەوی هەینی ئۆپەراسیۆنی گەڕان وەستێنراوە، مەکیزادە دەڵێ "بەیانیی رۆژی شەممە دەستکرایەوە بە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان".
کاتژمێر 03:30ـی دوانیوەڕۆی شەممە، کەشتییەکە بە سەراوژێری لە دووریی 25 میل لە باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەی لارک و 9 میل لە باکووری رۆژهەڵاتی گەرووی هۆرمز دۆزرایەوە.
ئێران بەردەوامە لە گەڕان بە شوێن ئەو دەریاوانە، هەروەها هەموو کەشتییەکان کە بەو شوێنەدا رەتدەبن، لەگەڵ سەنتەری رزگارکردنی ئاویی وڵاتانی عومان، ئیمارات و پاکستانی ئاگادارکردووەتەوە لە رووداوەکە بۆ ئەوەی ئەگەر دۆزیاننەوە، ئێران ئاگاداربکەنەوە.