لە هێرشێکی چەکداری لە ئەمەریکا، سێ کەس کوژران

لە هێرشەکەدا سێی دیکەش بە گوللـە بریندار بوون و تۆمەتبارەکە کە پیاوێکی سپیپێستە، دەستگیرکرا

پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە لە هۆڵی "دۆن کارتەر لاینز" نزیک نەبنەوە
پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە لە هۆڵی "دۆن کارتەر لاینز" نزیک نەبنەوە

K24 - هەولێر

کەسێکی چەکدار بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ کەسی بە گوللـە کوشت و سێی دیکەشی بریندار کرد لە هۆڵێکی بۆڵینگی شاری رۆکفۆردی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمەریکا.

پۆلیسی رۆکفۆرد لە توویتەر نووسیویەتی "دوای نیوەشەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، تۆمەتبارێک کە پیاوێکی سپیپێستی تەمەن 37 ساڵە، دەستگیرکرا. هیچ کەسێکی دیکە تۆمەتبار نییە تاوەکو بەدوایدا بگەڕێین".

پۆلیس، خەڵکی شارەکەی ئاگادارکردووەتەوە لە هۆڵی "دۆن کارتەر لاینز" کە رووداوی تەقەکردنەکە تێیدا روویداوە، نزیک نەبنەوە.

دان ئۆشی، فەرماندەی پۆلیسی ریکفۆرد لە شوێنی رووداوەکە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند "سێ کەس کوژراون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە". هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئەوانەی بریندارن، بەهۆی بەرکەوتنی گوللـە بریندار بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

هەرچەندە هێرشی چەکداری لە ئەمەریکا بەردەوام روودەدەن، بەڵام هەوڵەکانی چارەسەرکردنی توندوتیژیی بە چەک لەو وڵاتە، هەمیشە لەسەر ئاستی فیدراڵی رووبەڕووی بەربەست دەبنەوە، چونکە مافی هەڵگرتنی چەک، بەپێی هەموواری دووەمی دەستووری ئەمەریکا، بۆ هاووڵاتییان پارێزراوە.

 

سەرچاوە: AFP

Fly Erbil Advertisment