رووسیا: بەرەو قووڵایی ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکەین

(وێنەی ؛ ئەرشیف)
(وێنەی ؛ ئەرشیف)

ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی رووسیا، دوایین پێشهاتەکانی شەڕی ئۆکرانیای راگەیاند و جەختی کردەوە، هێزەکانیان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و رووبەری 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە باکوور، رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا کۆنترۆڵ کردووە.

جیراسیمۆڤ لە کاتی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی سەنتەری روسیا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای سەرما و بەستەڵەک، هێزەکانیان بەردەوامن لە فراوانکردنی ناوچەی پارێزەر بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا. بەگوێرەی وتەکانی ناوبراو، لەو ماوە کورتەدا 12 شارۆچکە ئازاد کراون.

پێشڕەوییەکان لە میحوەرە جیاوازەکان:

بەرەی دۆنێتسک و باشوور: هێزەکانی "باشوور" بەرەو شاری سلۆڤیانسک پێشڕەوی دەکەن و لە رزگارکردنی ناوچەی رێژنیکۆفکا بەردەوامن. هەروەها شارۆچکەی ستێپانۆڤ ئازاد کراوە و پاککردنەوەی ناوچەکانی درۆبیشێڤ و یارۆڤ لە هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوامە.

بەرەی خارکیڤ: لە کەناری ڕۆژهەڵاتی رووباری ئۆسکۆڵ، شارۆچکەی هلوشکۆڤکا کۆنترۆڵ کراوە و شەڕ لە نۆڤۆسینۆڤۆ بەردەوامە بۆ دەرپەڕاندنی پاشماوەی هێزەکانی دوژمن.

بەرەی زاپۆریژژیا و دنیپرۆ: هێزەکانی "دنیپەر" و رۆژهەڵات پێشڕەوی گەورەیان کردووە. شارۆچکەکانی (ستارۆکراینکا، پریدورۆژنێ، زالیزنچینۆیە، تسڤێتکۆڤۆ، ماگدالینیڤکا، پریمۆرسکی و زاپاسنۆی) کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی رووسیا.

بەرەی ناوەڕاست (دنیپرۆپترۆڤسک): بۆ یەکەمجار هێزەکانی رووسیا دەستیان بە پێشڕەوی کردووە بۆ سەر شارۆچکەکانی نۆڤۆپاڤلۆڤکا و نۆڤۆپۆدۆرنۆی لە ناوچەی دنیپرۆپترۆڤسک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئەرکانی رووسیا باسی لەوە کرد، سوپای ئۆکرانیا زیانێکی مرۆیی و سەربازیی وای بەرکەوتووە کە ناتوانێت جێگەیان بگرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئۆکرانیا پەنایان بۆ پێکهێنانی یەکەی درۆن بردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان. هێزەکانی رووسیاش ئێستا دوو ئەوەندەی دوژمن درۆن لە مەیدانی شەڕدا بەکاردەهێنن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە سوپای رووسیا لە داڕشتنی پلانی نوێدایە بۆ توندکردنی هێرشەکان لەسەر میحوەرەکانی دنیپرۆپێترۆڤسک و بەردەوامبوون لە تێکشکاندنی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک هریشین و دۆبرۆپۆلیە.