مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دەستی پێکردووە.
یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، بەشی ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەست دەکات بە پێدانی مووچەی مانگی 1ـی ساڵی 2026ـی مامۆستایانی گرێبەست.
لە ئاگادارییەکەدا جەخت کراوەتەوە، پێویستە تەنها بەڕێوەبەری قوتابخانەکان یان یاریدەدەرەکانیان سەردانی بەشی ژمێریاری بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی شایستە داراییەکان، و ئامادەبوونی کەسیی بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر مەرجی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی پارەکە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ گەیاندنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
ئەم ئاگادارییەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر دوای ئەوە هات، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، 12ـی شوبات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، 14ـی شوبات مووچەی مانگی یەکی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێ، لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست هەن، کە زۆرینەیان مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵان و مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە.