بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئەسیکۆدا: ئەم سیستەمە شۆڕشێکی نوێی گومرگیییە

بەڕێوەبەری پڕۆژەی سیستەمی نیشتمانیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە شۆڕشێکی نوێی لە کارە گومرگییەکانی عێراقدا دروستکردووە و بووەتە هۆی زیادبوونی چاوەڕواننەکراوی داهات.

یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، محەممەد مازن، بەڕێوەبەری پڕۆژەی سیستەمی نیشتمانیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA)  لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباح"ی حکوومی رایگەیاندووە،"بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆداوە، داهاتە گومرگییەکان بە رێژەی 114% زیادیان کردووە، هاوکات کارایی و خێرایی راییکردنی مامەڵەکان بە رێژەی 200% بەرزبووەتەوە."

محەممەد مازن جەختی لەوە کردووەتەوە، عێراق بە تەواوی کارکردنی کاغەزی لە رێکارە گومرگییەکاندا وەلاناوە و سیستەمەکە بە تەواوی بووەتە ئەلیکترۆنی، گوتیشی،"ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی سادەکردنەوەی رێکارە یاساییەکان، کەمکردنەوەی رۆتین، رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامان و بەهێزکردنی شەفافیەت."

لەبارەی وردەکارییە تەکنیکییەکانەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، سیستەمەکە بەستراوەتەوە بە بانکی ناوەندیی عێراق و سیستەمی جیهانیی (سویفت) بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکانی پارەدان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.

پڕۆژەی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA بە هاوکاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی حکوومەتی عێراق پەرەی پێدراوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکان و سیاسەتە ئابوورییەکانی وڵاتدا بگونجێت.

سیستەمی ئەسکیۆدا:
ئەم سیستەمە لەلایەن ڕێکخراوی ئۆنکتاد (UNCTAD) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە پەرەی پێدراوە. زیاتر لە 90 وڵات لە جیهاندا ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن.

سیستەمەکە بۆ بەدیجیتاڵکردن و ئۆتۆماتیکردنی هەموو رێکارە گومرگییەکان بەکاردێت، لەوانە:

تۆمارکردنی مانێفێستی کاڵاکان.
وردبینیکردنی راگەیەندراوە گومرگییەکان (تصريح كمركي).
ژمێریاری و وەرگرتنی باج و رسومات.
بەڕێوەبردنی کاڵا ترانزێتەکان.

 سوودەکانی ئەم سیستەمە ئەمانەن:

کەمکردنەوەی گەندەڵی: چونکە پەیوەندی راستەوخۆی نێوان بازرگان و فەرمانبەر کەم دەکاتەوە و هەموو شتێک بە سیستەم دەبێت.

خێرایی: راییکردنی مامەڵەکان زۆر خێراتر دەکات و رۆتین ناهێڵێت.

زیادکردنی داهات: رێگری دەکات لە یاری کردن بە نرخ و کێشی کاڵاکان، بەمەش داهاتی دەوڵەت زیاد دەکات (وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە کە داهاتی گومرگی و باج لە عێراق بەم رێگەیە  114% زیادی دەکات).

وردبوونی ئامار: دەوڵەت دەتوانێت بە وردی بزانێت چی هاوردە کراوە و چی نێردراوەتە دەرەوە.

حکوومەتی عێراق ماوەیەکە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، سیستەمەکە بەستراوەتەوە بە بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی پڕۆسەی پارەدان بە ئەلیکترۆنی بێت و رێگری لە سپیکردنەوەی پارە بکرێت.

هاوکات ئەم بڕیارەی حکوومەتی عێراق، ناڕەزایەتی بازرگانان و هاووڵاتییانی لێکەوتەوە، بە جۆرێک لە چەندین پارێزگای عێراق دژی بەرزکردنەوە و زیادکردنی باج و رسوومات خپیشاندانی فراوان ئەنجامدرا و کاسبکار و بازرگانان بازاڕ و کۆگانکانیان بۆ ماوەیک داخست. 

لەمبارەیەوە، رۆژی شەممە 14ـی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی گومرگ و باج و ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەرۆکوەزیران، سەرپەرشتی کۆبونوەیەکی کردووە لە بارەی بڕیارەکانی پێناسی گومرگی، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکان کراوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان و پێناسەی گومرگی و پەیڕەوکردنی تەواوەتی سیستەمی (ئەسیکۆدا). 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم دۆسیەیە هەنگاوێکی چاکسازیی ئابووریی هەمەلایەنەیە و ئەو بڕیارە گرنگ و ستراتیژییانەی دراون، ئامانجیان راستکردنەوەی رێڕەوی ئابووری و چارەسەرکردنی کەموکوڕییە کەڵەکەبووەکانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکوەزیران رێنمایی داوە بە پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە بازگەکانی هاوسنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە یەکخستنی رێکارەکان و باجەکان لە هەموو دەروازەکانەوە، هەروەها بەدیهێنانی دادپەروەری لە کێبڕکێی بازاڕدا و بەهێزکردنی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، جگە لە دەستەبەرکردنی وەرگرتنی جیاوازی باجەکان بە شێوەیەکی رێکخراو.

هاوکات سوودانی رێنمایی دا بە ئاسانکاری بۆ دەرهێنانی کاڵای بازرگانان و هاوردەکاران لە بەندەرەکان، ئەویش لە رێگەی وەرنەگرتنی پشکی حکوومەت لە کرێی کۆگاکردنی کاڵاکان لە بەندەرەکاندا، کە بەهۆی دواکەوتنی دەرهێنانی کاڵا و کۆنتێنەرەکان لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە کەوتووەتە سەر بازرگانان.