ئه‌م یانه‌یه له نزیكه‌وه به وردی چاودێری دۆخی مێسی ده‌كات
لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی بارسێلۆنا هێشتا گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه و میدیاكانیش به گه‌رمی باس له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی مێسی ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ی مێسی 4 رۆژی دیكه ده‌توانێت بڕیار له داهاتووی خۆی بدات و به ئاشكرا گفتووگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر یانه‌یه‌ك بكات كه خۆی حه‌ز بكات.
رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا له چاپی ئه‌مڕۆیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه د‌یڤید بێكهامی ئه‌ستێره‌ی پێشووی ئینگلیزی له‌سه‌رهێڵه بۆ ئه‌وه‌ی مێسی و كریستیانۆ بباته‌وه خولی ئه‌مریكا، به‌وپێیه‌ی یاریزانه ئینگلیزییه‌كه خۆی خاوه‌نی یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكییه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، مێسی له ئێستادا به وردی چاودێری ئه‌و ئۆفه‌رانه ده‌كات كه پێی ده‌گات.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: مێسی له ئه‌مریكا خاوه‌نی تاوه‌رێكی گه‌وره‌یه و زۆر حه‌ز به ژیانی ئه‌و وڵاته ده‌كات و خاوه‌نی چه‌ندان باڵه‌خانه‌ی دیكه‌شه، بۆیه هیچ كاتێك رۆیشتنی بۆ خولی ئه‌مریكا ره‌تنه‌كردووه‌ته‌وه و پێشبینی ده‌كرێت دوای مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر، یاریكردن له خولی ئه‌مریكا ببێته یه‌كه‌مین له تزیكترین بژارده‌كانی مێسی.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه به گوێره‌ی تۆڕی هه‌واڵی ESPNـی ئه‌مریكا یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی له‌سه‌رهێڵه بۆ ئه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی رازی بكات درێسی مان سیتی بپۆشێت و ماوه‌ی 3 ساڵ له پرێمه‌رلیگ یاری بكات پاشان په‌یوه‌ندی به یانه‌ی نیویۆرك سیتی ئه‌مریكا بكات.
لیۆنێل مێسی ته‌مه‌ن 33 ساڵ ماوه‌ی زیاتر له 20 ساڵه یاری بۆ بارسێلۆنا ده‌كات، له‌گه‌ڵ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه له كۆی 749 یاری 644 گۆڵی كردووه، 6 خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی به‌ده‌ستهێناوه، 10 نازناوی لالیگا و 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ و 6 نازناوی جامی شای بردووه‌ته‌وه و گرێبه‌سته‌كه‌ی له هاوینی داهاتوو به فه‌رمی له‌گه‌ڵ بارسا كۆتایی دێت.