هۆکاری گرانبوونی نرخی گۆشت چییە؟ بازرگانان و وەزارەتی کشتوکاڵ وەڵام دەدەنەوە

 بازرگانێکی هاوردەکردنی ئاژەڵ ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی بەرزبوونەوەی باجی هاوردەکردن بۆ %900 و گرانبوونی نرخی دۆلار لە بازاڕی رەشدا، تێچووی هاوردەکردنی ئاژەڵ بارگرانییەکی گەورەی بۆ بازرگانان دروست کردووە، هەروەها، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی:هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 40 هەزار تەن گۆشتی هاوردە هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، شڤان ئەکرەم جەمیل، بازرگانی هاوردەکردنی ئاژەڵ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند: سیستەمی نوێی گومرگیی عێراق (ئەسیکۆدا) بارگرانییەکی گەورەی بۆ بازرگانان دروست کردووە، پێشتر بۆ هەر تەنێک ئاژەڵی هاوردە تەنها 100 بۆ 120 دۆلار گومرگ وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بەپێی سیستەمە نوێیەکە گەیشتووەتە 600 دۆلار.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، باج لەسەر گۆشتی سوور بە ڕێژەی %900 زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە تەنها لە گومرگدا هەزار و 500 بۆ دوو هەزار دینار بچێتە سەر تێچووی هەر کیلۆیەک گۆشت.

باسی لەوەش کرد، بازرگانان ناتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی (1320 دینار) وەربگرن و ناچارن لە بازاڕی ڕەش بە گرانی ببنێرن، ئەمەش تێچووی هاوردەکردنی زۆرتر کردووە و هەروەها نرخی یەک تەن ئالیک لە 400 هەزار دینارەوە بۆ 550 هەزار دینار بەرزبووەتەوه، لە بەرازیل و ئۆرگوای نرخی کیلۆیەک دۆلارێک گرانبووە، هەروەها نرخی گواستنەوەی ئاژەڵەکان زۆر گرانتربووە

لەلای خۆیەوە، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕایگەیاند: ئەو وڵاتانەی ئاژەڵیان لێ هاوردە دەکرێت نرخەکانیان گرانبووە و پێشتر تورکیا بۆ هەر سەر ئاژەڵێک کە بە خاکەکەیدا تێپەڕ دەبوو 20 دۆلاری وەردەگرت، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ 200 دۆلار بەرزکردووەتەوە و تورکیا ڕێگری دەکات لە هاوردەکردنی ئاژەڵی ئەوروپی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە کێبڕکێ لە بازاڕدا کەم ببێتەوە و نرخ بەرز ببێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا،  هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 90 هەزار تەن گۆشت هەیە، بەڵام تەنیا 50 هەزار تەن بەرهەمی ناوخۆیی هەیە، واتە ساڵانە پێویستمان بە هاوردەکردنی 40هەزار تەن گۆشت هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان.

فیراس سدیق باسی لەوەشکرد، هاوردەکردن لە وڵاتانی ئەفریقا (وەک سوودان و میسر) بەهۆی کێشەی تەندروستی و نەخۆشی ئاژەڵەوە قەدەغەیە، جۆرجیاش بەهۆی پڕۆتۆکۆڵەکان لەگەڵ بەغدا ڕێگری لێ دەکرێت ڕاستەوخۆ بۆ هەرێم بێت.