سوودانی گرێبەستی 100 راوێژکار و شارەزای هەڵوەشاندەوە

نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق، بڕیاری کۆتاییهێنان بە گرێبەستی 100 راوێژکار و پسپۆڕ لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق, راگەیاند، ئاماژەی نەوەشکردووە،  ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت دێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان.

دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوی کردووەتەوە، تیایدا هاتووە بڕیاردراوە بە کۆتاییهێنان بە گرێبەستی ژمارەیەک لە راوێژکار و شارەزا کە کاریان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی سوودانی دراوە بۆ یەکخستن و رێکخستنەوەی پێکهاتەکانی نووسینگەکەی، هاوکات ئامانج لەم هەوڵانە بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بوژاندنەوەی ئاستی کارکردن.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەنێو ئەو رێکارانەدا، گرێبەستی چەندین راوێژکار و شارەزا هەڵوەشێندراوەتەوە کە پێشتر ئەرکی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی دۆسییە گرنگ و هەستیارەکانیان لە بوارەکانی جێبەجێکردنی بەرنامە حکوومییەکاندا پێسپێردرابوو، جەختی لەوەشکردووەتەوە، رێژەی تەواوبوونی گشتی ئەو بەرنامانە گەیشتووەتە 88%.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی زیاتر لە 100 راوێژکار و پسپۆڕ لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو راوێژکارانە ماوەی دوو هەفتەیە دەستیپێکردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کەسانەی بڕیارەکە گرتوونییەتەوە، خاوەنی پسپۆڕی جۆراوجۆرن و ماوەی چوار ساڵە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرقاڵی کارکردن بوون.

ئەم بڕیارەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای ئەو هەنگاوانە دێت کە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت گیراوەتەبەر، هاوکات جەخت لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن سەرجەم دامودەزگا حکوومییەکان کراوەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی بەدیهێنانی کەمکردنەوەیەکی بەرچاو لە خەرجییەکان و بەکارهێنانی زۆرترین سوود لە تواناکانی دامودەزگا حکوومەییەکان.