لاریجانی: ئێران ئامادەیە بۆ رێککەوتن بەو مەرجەی ئاسایشی نیشتمانیمان پارێزراو بێت

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، رایگەیاندووە، تاران ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستانێکی ئەتۆمی دادپەروەرانە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە هەنووکەییەکان، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئێران چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی قبوڵ دەکات لە چوارچێوەی پابەندبوونەکانی بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.

دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"، عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران گوتویەتی،"وڵاتەکەی ئاستی ئامادەیی خۆی بەرز کردووەتەوە و ئامادەیە بۆ دانوستانێکی ئەتۆمی دادپەروەرانە کە نیگەرانییەکان چارەسەر بکات بەبێ ئەوەی زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بگەیەنێت".

لاریجانی بوونی هەر وەڵامێکی نووسراو بۆ داواکارییەکانی ئەمریکای رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەی تا ئێستا رووی داوە، تەنها ئالوگۆڕی بیروڕایە و هێشتا بەردەوامە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە پشتگیری لە گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدا لێدوانەکانی ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی دانوستانەکان لەگەڵ تاران زیاتر بووە.

لاریجانی دەڵێت،" ئێران بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاندن بۆ دانوستانەکان دەکات، بە مەرجێک کە دانوستانەکان دادپەروەرانە و ژیرانە بن، هاوکات، هۆشداریدا لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دانوستانەکان بۆ ئامرازێک بۆ دواخستن یان سەپاندنی هەندێک بابەت کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە نییە".

لاریجانی جەختی لەوە کردەوە، ئێران سەرپەرشتیکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وەک بەشێک لە ئەرکەکانی بەپێی پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی قبوڵ دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی تاران بە چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی کە بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیانە بەڕێوەدەبات.

لێدوانەکانی لاریجانی لە کاتێکدایە، قسەوباسی ئەمریکا سەبارەت بە پێویستی گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران زیادی کردووە، لەم نێوەندەشدا، جوڵەی دیپلۆماسی ناڕاستەوخۆ دەستی پێکردووە کە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانە لە ناوچەکەدا.

هاوکات هەر ئەمڕۆ دووشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە سەرۆکایەتی شاندێکی دیپلۆماسی و تەکنیکی وڵاتەکی دەکات، گەیشتووەتە جنێف بۆ ئەنجامدانی دووەم گەڕی دانوستانە ئەتۆمییەکان و ئەنجامدانی چەندین ڕاوێژی دیپلۆماسی لە بارەی کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا.