ترەمپ ناتۆی شڵەژاندووە
رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" ئاشکرای کردووە، ناکۆکییەکی گەورە لە نێوان سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا و مارک رووتە، ئەمینداری گشتی ناتۆ، سەری هەڵداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ناکۆکییانە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چڕبوونەتەوە.
دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" ئاشکرای کردووە، ژمارەیەک لە سەرکردە ئەوروپییەکان لە کۆبوونەوەیەکی میونشن لە رۆژی هەینی رابردوودا، رەخنەی توندیان لە شێوازی ئاشتییانەی مارک رووتە، ئەمینداری گشتی ناتۆ بەرامبەر بە ترەمپ گرتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سەرکردانە داوایان لە ئەمینداری ناتۆ کردووە کە متمانەی زیاتر بە تواناکانی بەرگریی خۆپارێزی ئەوروپا ببەخشێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نیگەرانییەکی قووڵ سەبارەت بە وابەستەیی ئەوروپا بە ئەمریکا.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، ئەم ناکۆکییانە لە سایەی زیادبوونی نیگەرانییەکانی ئەوروپا دێت سەبارەت بە کەمبوونەوەی پابەندبوونی ئەمریکا بە بەرگریکردن لە کیشوەری ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەکردووە، لێدوانەکانی پێشووی ترەمپ، کە گومانی خستبووە سەر بەردەوامبوونی پاراستنی ئەمریکا بۆ ئەوروپا، جگە لە هەڕەشەکانی سەبارەت بە گرینلاند، رۆڵی سەرەکییان لە زیادکردنی ئەم نیگەرانییانەدا هەبووە.
مارک رووتە، لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا، مشتومڕێکی بەرفراوانی نایەوە کاتێک جەختی لەوە کردەوە کە ئەوروپا توانای بەرگریکردنی لە خۆی نییە بەبێ پشتگیری ئەمریکا، هاوکات گوتبووی، ئەوانەی پێچەوانەی ئەم تێڕوانینە بیر دەکەنەوە "خەودەبینن".
لە بەرامبەردا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەوڵی دا بڕگەی بەرگریی دوولایەنە لە پەیماننامەی یەکێتی ئەوروپا بەهێز بکات، ئەو ئەم بڕگەیەی وەک جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆ پێشکەش کرد، کە تایبەتە بە بەرگریی بەکۆمەڵ.
بەڵام رووتە لە بەردەم رۆژنامەنووسان لە میونشن پێداگیر بوو لەسەر هەڵوێستی خۆی و رەتیکردەوە کە میکانیزمێکی بەرگریی ئەوروپی جێگەی پابەندبوونەکانی ناتۆ بگرێتەوە.
مارک رووتە جەختی لەوەکردەوە،"هاوکاری لە نێوان ئەتڵەسییەکاندا بۆ ئاسایشی ئەوروپا پێویستییەکی گرنگە و هەر دەمێنێتەوە." ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ناتۆ و بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا هێشتا پشت بە رۆڵی ئەمریکا لە ئاسایشی کیشوەرەکەدا دەبەستن، سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکان.