دیاربەکر دوای 40 ساڵ لە لیستی "ناوچە مەترسیدارەکان" دەرهێنرا

دیاربەکر
دیاربەکر

دیاربەکر، یەکێک لە شارە دەگمەنەکانی جیهان لە رووی گەشتیارییەوە و خاوەن پێگەیەکی دیار لەنێو لیستی "100 جوانترین رووگەی گەشتیاریی جیهان" لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی، دوای 40 ساڵ لە "لیستی سوور" و ناوچەی مەترسیدار بۆ گەشتیاران دەرهێنرا. 

ماوەی چوار دەیە بوو بەهۆی بەردەوامیی گرژی و ئاڵۆزییەکان، وڵاتانی ئەورووپا هۆشدارییان دەدایە هاووڵاتییانیان بۆ سەرداننەکردنی ئەم شارە و وەک ناوچەیەکی قەدەغەکراو پۆلێن کرابوو.

سەرۆکی ئەنجوومەنی گەشتوگوزار و بەرەوپێشبردنی دیاربەکر بە میدیای ناوچەکەی راگەیاند، شارەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە بازنەی "ناوچەی مەترسیدار" هێنراوەتە دەرەوە. دووپاتیشی کردەوە، دوابەدوای پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پێشهاتە ئەرێنییەکانی سووریا، چیتر ئەو شارە بە ناوچەیەکی مەترسیدار هەژمار ناکرێت. 

زۆرێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئەورووپا پێشتر ئەو گەشتیارانەی هیوای سەردانی دیاربەکریان هەبوو، ئاگادار دەکردەوە بەهۆی دەستنیشانکردنی شارەکە وەک ناوچەی مەترسیدار، توانای دابینکردنی بیمەی گەشتکردنیان نییە. ئەمەش هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پلانی زۆرێک لە گەشتیارانی بیانی بوو، بەڵام ئێستا دەتوانرێت بیمەی گەشتکردن بۆ گەشتیاران دەستەبەر بکرێت.

بەپێی ئامارەکانی پارێزگای دیاربەکر، ساڵی 2024 نزیکەی 1.2 ملیۆن گەشتیار لە شارەکە میوانداری کراون. ساڵی 2025 ژمارەکە بۆ 1.6 ملیۆن بەرز بووەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم رێژەیە زۆر زیاتر ببێت.