نەعیم قاسم: هەوڵی حکوومەتی لوبنان بۆ چەککردنی حزبوڵڵا هەڵەیەکی گەورەیە

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، سەرنج خستنە سەر چەککردنی حزبوڵڵا لەلایەن حکوومەتی لوبنانەوە "هەڵەیەکی گەورەیە"، چونکە ئەوە ئامانجەکانی "ئیسرائیل" بەدی دێنێت، ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا ئارامگرین، بەڵام ئارامیمان بەردەوام نابێت.

ئەمرۆ دووشەممە، 16ـی شوابتی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی لە وتارێکیدا رایگەیاند،  "دەمانەوێت سوپای لوبنانی پڕچەک بێت بۆ پاراستنی ئاسایش و بەدیهێنانی سەروەری لە بەرامبەرئیسرائیلیدا"، گوتیشی: "دەمانەوێت ستراتیژییەک بۆ ئاسایشی نیشتمانی هەبێت لەگەڵ سوود وەرگرتن لە بەرەی مقاوەمە بۆ پشتگیریکردنی سوپا لە رزگارکردن و سەروەری و پاراستنی وڵات.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی باسی لەوەشکرد، "ئێمە شەڕمان ناوێت و بەدوای شەڕەوە نین، بەڵام خۆمان ناچەمێنینەوە و ئامادەین بۆ بەرگری لە بەرامبەر دوژمنکاراندا"، دەشڵێت، "رێککەوتنی تشرینی دووەمی 2024 لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەلایەن لوبنانەوە جێبەجێ کرا بەڵام ئیسرائیل جێبەجێی نەکرد."

نەعیم قاسم، روو لە حکوومەتی لوبنان کرد و گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت خۆتان رادەست بکەن، دەستوور هەموار بکەنەوە، چونکە بنچینەی دەستوور بەرەنگاربوونەوە و بەرگرییە لەپێناو رزگاری."

روونی کردەوە، حکوومەتی لوبنان بەرپرسیارە لەوەی بەردەوام سازش بۆ فشارەکان دەکات، هەروەها داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد،  "هەموو جوڵەیەک رابگرێت کە ناونیشانەکەی کۆتاییهێنانە بە چەک."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێگیرکردنی سەروەریی دەوڵەت و سنووردارکردنی چەک بە دەستی هێزە چەکدارەکانەوە.

حکوومەتی لوبنان لە مانگی ئابی 2025 بڕیاری چەکدانانی حزبوڵڵای پەسەند کرد و ئەرکی جێبەجێکردنی پلانێکی خستە ئەستۆی سوپای لوبنان، کە لە مانگی دواتردا دەست بەکارکردن بەپێی پلانەکە کرا.

لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2026، سوپا رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی پلانەکەی تەواو کردووە، کە باشووری رووباری لیتانی کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری باشوور لەگەڵ ئیسرائیل گرتەوە.