کونسوڵی ئێران بۆ کوردستان24: ئەمریکا هەردوو مەرجەکەی ئێرانی قبووڵ کردووە

کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکان، ئەمریکا دوو مەرجی وڵاتەکەی قبووڵ کردووە، بۆیە بڕیان داوە بەردەوامی بە گفتوگۆکان بدەن. جەختیشی کردەوە،"هەرێمی کوردستان رۆڵێکی ئەرێنی لە هێورکردنەوەی دۆخەکە گێڕاوە."

 ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لەبارەی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتن لەبارەی پرسی ئەتۆمی، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی کوردستان24 بوو کە لە لایەن سۆڤان فەرمانەوە پێشکەش کرا. 

ئەسەدی گوتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر داوای سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە گەڕاوەتەوە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی هەمیشە بڕوای بە دیپلۆماسییەت و دانوستان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

بە گوتەی کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، تاران بە دوو مەرج رازی بووە دەست بە دانوستانەکان بکاتەوە؛ یەکەم، گفتوگۆکان تەنیا لەبارەی پرسی ئەتۆمی بن و دووەمیشیان، پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.

سەبارەت بە ئەنجامی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، ئەسەدی ئاماژەی بەوە دا، "گەڕی یەکەم هەندێک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بە نێوەندگیریی عوممان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بەڕێوەچوو. سەرکەوتنی گەڕی یەکەم بەهۆی ئەوە بوو، لایەنی ئەمریکی هەردوو مەرجەکەی ئێرانی قبووڵ کردووە."

ئەسەدی روونیکردەوە، سەرکردەی ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەکەن. دووپاتیشی کردەوە، "جیاوازی نییە عوممان یان تورکیا نابوژیوانی بکات، بەڵام لە گەڕی یەکەم چونکە عوممان نابژیوان بوو، ویستمان لە گەڕی دووەمیش لە سویسرا، هەر ئەو نابژیوان بێت."

وەک ئەسەدی باسی کرد، بە درێژایی 40 – 50 ساڵی رابردوو، ئەمریکا لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران "راستگۆ نەبووە و مافی گەلی ئێرانی نەپاراستووە". هەر بەم هۆیەشەوە، بە گوێرەی راپرسییەک، زیاتر لە 80%ـی ئێرانییەکان پێیان وانییە دانوستانەکانی ئێستای واشنتن و تاران بگەنە ئەنجام.

دووپاتیشی کردەوە: "دەمانەوێت ئەم دانوستانانە بگەنە ئەنجامێک، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا لە رێگەی میدیاکانیانەوە، چەند کاتژمێرێک پێش دانوستانەکان بابەتی ناکۆک دەورووژێنن، بەڵام ئێمە سوورین و دەمانەوێت بۆ جیهان بیسەلمێنین، گەلی ئێران گەلێکی ئاشتیخوازە و بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت، هەروەها بەرگریش لە مافی خۆمان دەکەین."

ناوبراو گوتیشی: "خۆمان بۆ هەموو هەڵومەرجێک ئامادە کردووە، بۆ رێککەوتن و بۆ رێکنەکەوتنیش."

دەربارەی رۆڵی هەرێمی کوردستانیش لە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، ئەسەدی گوتی، هەرێمی کوردستان لە ئاستی توانای خۆیدا رۆڵێکی ئەرێنی هەبووە و لە هەموو قۆناغەکاندا شاهیدی ئەوە بووین رۆڵی خۆی بە باشی گێڕاوە.

کونسوڵی وڵاتەکە باسی لەوەش کرد، ئێران یەکەم وڵاتە بووە کە دەروازەی بازرگانی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی خۆی بە رووی کوردستاندا کردووەتەوە و پەیوەندییەکی مێژوویی و ئاسایی و دراوسێیەتییە و ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی پێ دەدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە؛ گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا دەستیانپێکرد. 

بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان نابژیوانی لە نێوان هەردوو شاندەکەدا دەکات. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی هەردوو وڵات دەکەن.