خامنەیی: 47 ساڵە ئەمریکا نەیتوانیوە ئێران لەناو ببات و ئێستاش ناتوانێت
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات و پێی دەڵێت "گەلەکەشتییەکانتان نوقم دەکەین".
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا گوتی "سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەڵێت، سوپای ئێمە بەهێزترین سوپای جیهانە، بەڵام ئەگەری هەیە بەهێزترین سوپای جیهان زلــلەیەکی وای لێ بدرێت، جارێکی دیکە ناتوانێ لە جێی خۆی بجووڵێتەوە."
خامنەیی باسی لەوەش کرد، "ئەوان دەڵێن گەلەکەشتیمان بەرەو ئێران ناردووە، هەڵبەت گەلەکەشتی ئامێرێکی مەترسیدارە، بەڵام لەو مەترسیدارتر ئەو چەکەیە کە دەتوانی لە قووڵاییی دەریادا نوقمی بکات".
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەشی خستە روو "سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییەدا گوتوویەتی، 47 ساڵە ئەمریکا نەیتوانیوە کۆماری ئیسلامی لەناو ببات. سکاڵای بردووەتە بەر خەڵکی وڵاتەکەی، ئەمە ددانپێدانانێکی باشە، من دەڵێم تۆش ناتوانی ئەو کارە بکەیت."
ئەمە لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە؛ گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا دەستیانپێکرد.
بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان نابژیوانی لە نێوان هەردوو شاندەکەدا دەکات. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی هەردوو وڵات دەکەن.
ئەمریکا هەردوو مەرجەکەی ئێرانی قبووڵ کردووە
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لەبارەی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتن لەبارەی پرسی ئەتۆمی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وڵاتەکەی لەسەر داوای سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە گەڕاوەتەوە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی هەمیشە بڕوای بە دیپلۆماسییەت و دانوستان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە گوتەی کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، تاران بە دوو مەرج رازی بووە دەست بە دانوستانەکان بکاتەوە؛ یەکەم، گفتوگۆکان تەنیا لەبارەی پرسی ئەتۆمی بن و دووەمیشیان، پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.
سەبارەت بە ئەنجامی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، ئەسەدی ئاماژەی بەوە دا، "گەڕی یەکەم هەندێک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بە نێوەندگیریی عوممان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بەڕێوەچوو. سەرکەوتنی گەڕی یەکەم بەهۆی ئەوە بوو، لایەنی ئەمریکی هەردوو مەرجەکەی ئێرانی قبووڵ کردووە." روونیشیکردەوە، سەرکردەی ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەکەن. دووپاتیشی کردەوە، "جیاوازی نییە عوممان یان تورکیا نابوژیوانی بکات، بەڵام لە گەڕی یەکەم چونکە عوممان نابژیوان بوو، ویستمان لە گەڕی دووەمیش لە سویسرا، هەر ئەو نابژیوان بێت."
دووپاتیشی کردەوە: "دەمانەوێت ئەم دانوستانانە بگەنە ئەنجامێک، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا لە رێگەی میدیاکانیانەوە، چەند کاتژمێرێک پێش دانوستانەکان بابەتی ناکۆک دەورووژێنن، بەڵام ئێمە سوورین و دەمانەوێت بۆ جیهان بیسەلمێنین، گەلی ئێران گەلێکی ئاشتیخوازە و بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت، هەروەها بەرگریش لە مافی خۆمان دەکەین."
کونسوڵی گشتیی ئێران گوتیشی: "خۆمان بۆ هەموو هەڵومەرجێک ئامادە کردووە، بۆ رێککەوتن و بۆ رێکنەکەوتنیش." دەربارەی رۆڵی هەرێمی کوردستانیش لە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، ئەسەدی گوتی، هەرێمی کوردستان لە ئاستی توانای خۆیدا رۆڵێکی ئەرێنی هەبووە و لە هەموو قۆناغەکاندا شاهیدی ئەوە بووین رۆڵی خۆی بە باشی گێڕاوە.