باڵندەی نەورەس دیمەنێکی گەشتیاری بە رووباری دیجلە دەبەخشێت

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان، بە هەزاران باڵندەی نەورەس لە رووباری دیجلە و لە نزیک پردی کۆنی موسڵ کۆدەبنەوە، ئەمەش وایکردووە ئەو ناوچەیە ببێتە شوێنێکی گەشتیاری و جێگەی حەوانەوەی هاووڵاتییان، هاوکات بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ ئەو کەسانەی لەوێدا نان بە گەشتیاران دەفرۆشن.

تێکەڵبوونی دەنگی باڵندەکان و رەوتی رووباری دیجلە، دیمەنێکی دڵڕفێنی بە ناوچەکە بەخشیوە. ئەحمەد، یەکێکە لەو گەنجانەی رۆژانە لێرە نان دەفرۆشێتە گەشتیاران تا بیدەنە باڵندەکان، ئەم کارەشی بووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی.

ئەحمەد خەباز، نانفرۆش بە کوردستان24ی گوت:"سەرچاوەی بژێوی ژیانم لەسەر فرۆشتنی نانە، ئێرە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن. کارەکەم فرۆشتنی نانە و خەڵکی بە بڕی 1,000 یان 2,000 دینار نانم لێ دەکڕن و دەیدەنە باڵندەکان."

لە وەرزی زستاندا، کۆچکردنی ئەم باڵندە سپییانە بۆ سەر رووباری دیجلە زیادی کردووە و سەرنجی دانیشتووانی موسڵیان بۆ خۆیان راکێشاوە، بە جۆرێک بووەتە جێگەی گەشت و سەیرانی خێزانەکان.

هاووڵاتی مستەفا عەزیزیش گوتی :"ئەم باڵندە و سروشتە جوانە زۆر سەرنجراکێشن، منداڵەکانمان حەز دەکەن هەموو کاتێک بێنە ئەم شوێنە. بۆ ئێمەی بەساڵاچووش جێگەیەکی زۆر خۆش و ئارامە و بینینی باڵندەکان دەروونمان ئارام دەکات."

رۆژانە بە سەدان کەس لەسەر پردی کۆنی موسڵ کە بە پردی "باب تۆپ" ناسراوە، کۆدەبنەوە بۆ بینینی ئەم دیمەنانە و چێژوەرگرتن لەو ژینگە ئارامەی کە باڵندەکان لەسەر رووباری دیجلە دروستیان کردووە.