روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێرەوە
هەڵەکە چاککرا

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئەمڕۆ روونکردنەوەی لەبارەی ڤیدیۆیەک بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاووڵاتییەک دەردەکەوێت، کە پێوانە بۆ بەرزیی پردێک دەکات و دەڵێ لەجیاتی 5 مەتر، 4 مەتر و 17 سانتیم بەرزە" بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەستخۆشی لەو هاووڵاتییە دەکات و دەڵێ "هەڵەکە چاککرایەوە".
لە چەند رۆژی رابردوودا ڤیدیۆی ژێر پردێکی سەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر لەو بەشەی دەکەوێتە نێوان شەقامی کەرکووک و موسڵ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، تێیدا هاووڵاتیەک پێوانە بۆ بەرزیی پردەکە دەکات کە 4 مەتر و 17 سانتیمە، لەکاتێکدا ژێر پردەکانی 120 مەتری بە 5 مەتر بەرزی دانراون.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە "لەبەدواداچوونی ئێمە بۆ بابەتەکە، دەرچوو ڤیدیۆکە تەواوە. ئەم، کەموکوڕیەی لەو شوێنەدا هەیە لە ئەستۆی کۆمپانیا تورکییەکەیە کە بەبێ تەواوکردنی پڕۆژەکە، جێیهێشت".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە "لەدوای ئەوە، کۆمپانیای هێمن گرووپ، کارەکانی تەواوکرد و، ئەوانیش لەکاتی دانانی هێماکانی هاتووچۆ، بەهەمان ستانداردی خۆیان دایاننابوو کە 5 مەترە، بێ ئەوەی بیپێونەوە، ئێستاش ئەو هەڵەیە لەلایەن هێمن گرووپەوە بەدەستخۆشییەوە چاککرایەوە".
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دەستخۆشی لەو هاووڵاتییە "دڵسۆز و خەمخۆرەش" دەکات کە "هەموو لایەنەکانی لەو هەڵەیە ئاگادارکردەوە بەر لەکەوتنەوەی کارەساتێک بەوهۆیەوە.