نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا وادەکات ژاپۆن دەروازەکانی بەڕووی جیهان دابخات

تاوەکو کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو
تێرمۆمیتەرێک لەکاتی پشکنینی پلەی گەرمی جەستەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناریتا لە ژاپۆن، وێنە: KYODO
تێرمۆمیتەرێک لەکاتی پشکنینی پلەی گەرمی جەستەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناریتا لە ژاپۆن، وێنە: KYODO

 K24 - هەولێر

بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا، ژاپۆن لەمڕۆوە تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو، دەرگای بەڕووی زۆربەی وڵاتانی جیهان دادەخات.

حکومەتی بەریتانیا داوا لە هەموو هاووڵاتییان و ئەو کەسانەی مۆڵەتی مانەوەیان لە ژاپۆن هەیە، دەکات؛ کاتێک لە وڵاتانی دەرەوە دەگەڕێنەوە نێو ژاپۆن، پێش 72 کاتژمێر لە بەڕێکەوتنیان هەروەها راستەوخۆ دوای گەیشتنیان پشکنینی کۆرۆنا بکەن.

نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا، کە سەرەتا لە بەریتانیا سەریهەڵدا، مەترسی ئەوەی هەیە زۆر خێراتر لە کۆرۆنای ئاسایی بڵاوببێتەوە و ئێستا لە زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە.

خاوەنکار و قوتابییانی 10 وڵاتی ئاسیایی وەکو: چین، کۆریای باشوور و تایوان، کە پەیوەندیی تایبەتیان لەگەڵ ژاپۆن هەیە، ئەو رێوشوێنە نوێیانە نایانگرێتەوە.

یۆشیهیدی سوگا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-12-2020) بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، "حکومەت دەست بە جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتنەناوەی وڵات دەکات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانمان و ژیانیان، بەوەی لە سەرەتاوە رێکار دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا".

ژاپۆن، تائێستا هەشت حاڵەتی تووشبوون بە نەوە نویەکەی کۆرۆنای تۆمارکردووە، لەنێویاندا، فڕۆکەوانێک هەیە کە لە لەندەن گەڕاوەتەوە، لەگەڵ خێزانەکەی، بەڵام ئەمان نەچوونەتە بەریتانیا.