بابانوئێل دەچێتە ناو خانووە وێرانبووەكانی مووسڵ
K24 – مووسڵ
كچێكی ئاوارەی شنگال، بە جلی بابانوئێل دەچێتە ناو خانووە وێرانبووەكانی مووسڵ، بۆ ئەوەی دڵی منداڵەكانی خۆش بكا و شیرینیان بەسەر دابەش بكات.
شهیما عهباس، یەكێكە لە كچە ئاوارەكانی شنگال، دوای داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، ئەو لەگەڵ خێزانەكەی لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێبووە. لەگەڵ نزیكبوونەوە لە جەژنی سەری ساڵی زایینی شەیما جلی بابانوئێڵ دەپۆشێ و دەچێتە ناو خانووە رووخاوەكانی مووسڵ، شیرینی و دیاریی بەسەر منداڵەكانی ئەوێ دابەش دەكات، بۆ ئەوەی بۆ چەند ساتێك شەڕ و ئاوارەییان بیرباتەوە
شهیما بە كوردستان24ی گوت: "پەیامی من لەو كارە بۆ مووسڵ ئەوەیە كە من ئاوارەی شنگالم و لە ھەولێر نیشتەجێم، دەمەوێت ئومێد بە منداڵانی مووسڵ ببەخشم، داعش بێ جیاوازی زیانی پێكھاتەكانی عێراق گەیاندووە، دەمەوێت پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان بڵاوبكەمەوە".
گوتیشی: "زۆر كەس پێیان گوتم نەچیتە مووسڵی كۆن، چونكە مەترسیدارە و ئەگەری ئەوە ھەیە تەقەمەنی پاشماوەی شەڕ مین و بۆمب لەوێ ھەبێت، بەڵام من بۆ دڵخۆشی منداڵان وتم ھەر دەچم".
شهیما عهباس، راشیگەیاند: "منداڵانی ئێرە زۆر دڵخۆشبوون كە دیارییم پێبەخشین و یاریم لەگەڵ كردن، جگە لەوەش رێنمایی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنام پێدان"
ھ.م