هاوپەیمانیی عەزم: سەرۆکی پەرلەمان سازشی لەسەر مافی پێکهاتەکان کردووە
هاوپەیمانیی عەزم لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی هێرش دەکاتە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی پۆستە ئەمنیی و ئیدارییەکان و ڕاستەوخۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سازشکردن لەسەر مافی پێکهاتەکان تۆمەتبار دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانیی عەزم ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرانبەر شێوازی یەکلاکردنەوەی هەردوو پۆستی سوپاسالاری سوپا و ئەمینداری بەغدا دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە،"ئەو ڕێوشوێنانەی گیرانەبەر، پشتگوێخستنی ئاشکرای بنەماکانی هاوسەنگیی سیاسی و شەراکەتی ڕاستەقینەیە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا."
هاوپەیمانییەکە کە نوێنەرایەتی بەشێک لە پێکهاتەی سوننە دەکات، بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم دۆخەی خستووەتە ئەستۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕایگەیاندووە: "سەرۆکی پەرلەمان بەرپرسە لە دەستبەرداربوون لە مافی پێکهاتەکان و ڕەچاونەکردنی مەرجەکانی هاوسەنگیی نیشتمانی، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بنەما دەستوورییانەیە کە دەوڵەتی لەسەر بنیات نراوە.
هەرچەندە بەپێی نەریتی سیاسیی عێراق پۆستی سوپاسالاری سوپا پشکی پێکهاتەی کورد بووە، بەڵام ئەمڕۆ عەبدولئەمیر یارەڵڵا لە پێکهاتەی شیعە لە پەرلەمانەوە بۆ ئەو پۆستە جێگیرکرا، ئەمەش لە کاتێکدایە ململانێیەکی توند لە نێوان لایەنە سوننی و شیعەکان لەسەر دابەشکاریی پۆستەکان هەیە.
هاوپەیمانیی عەزم هۆشداریداوە و جەختی کردووەتەوە کە "هەموو بژاردەکان لەبەردەستیاندایە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و چەسپاندنی پایەکانی سەقامگیریی سیاسی"، داواش دەکەن بە جددی پێداچوونەوە بەم ڕێڕەوەدا بکرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگی بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت بگەڕێتەوە.