فەرهاد ئەترووشی: دەنگدانەکەی ئەمڕۆ بۆ سوپاسالار پێچەوانەی دەستوورە

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی دژی شێوازی دەنگدان لەسەر پۆستی سوپاسالاری سوپای عێراق دەوەستێتەوە و بە "پێشێلکارییەکی زەقی دەستووری" وەسفی دەکات و ڕایگەیاند کە سەرۆکی پەرلەمان بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە و بە "پەلەپڕووزێیەکی گوماناوی" ئەو پۆستەی یەکلا کردووەتەوە کە بە پشکی کورد دادەنرێت.

سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی دژی شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان وەستایەوە و ڕایگەیاند، تێپەڕاندنی پۆستی سوپاسالار بەو شێوەیە "پێشێلکارییەکی زەقە" و پەنا بۆ دادگا دەبەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، سەرۆکی پەرلەمان هەنگاوێکی نا کە دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات، ئەویش بە پەلەکردنێکی گوماناوی لە دەنگدان لەسەر هەندێک لە پلە تایبەتەکان."

جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرای کردووە، پێش دانیشتنەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی شوبات، سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبووەتەوە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەرنامەی کار تەنیا تایبەت بێت بە هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و یەکخستنی لیژنەکان، بەڵام بەداخەوە بەبێ ڕێککەوتن بڕگەی دیکە زیاد کراوە و بە شێوەیەکی خێرا دەنگ لەسەر پۆستە هەستیارەکان دراوە، لەوانە پۆستی سوپاسالاری سوپا، کە ئەمەش گومانێکی گەورەی لای ئێمە و پێکهاتەکان دروستکردووە.

فەرهاد ئەترووشی ئەم هەنگاوەی بە "پێشێلکاری ئاشکرای ماددەی 9ی دەستوور و ماددەی 37ی پەیڕەوی ناوخۆ" وەسف کردووە و بە لێدان لە پرەنسیپی هاوبەشی نیشتمانی و هاوسەنگی و تەوافوقی سیاسیی دەزانێت کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان هۆشداریداوە و دەڵێت: "لەلایەن ئێمەوە ئەم دەنگدانە هیچ شوێنەوارێکی یاسایی و ئیداریی لێ ناکەوێتەوە و هەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەگرینەبەر، لەوانەش پەنابردن بۆ دادگا."

ئەمەش لە کاتێکدایە، عەبدولئەمیر یارەڵڵا کە پێشتر بە وەکالەت پۆستی سوپاسالاری عێراقی وەرگرتبوو ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا، بەفەرمی بە سوپاسالاری عێراق هەڵبژێردرا، لە کاتێکدا پۆستەکە پشکی کوردە.

 هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەرگرتنەوەی پۆستی سوپاسالاری عێراق لە کورد سەرەتایەکی زۆر خراپە و لە داهاتوو بەیاننامەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڵاودەکەینەوە و ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کردی پێشێلی دەستوورە.