کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزان لە خەڵکی کوردستان دەکات
وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزانی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو کەسانە کرد کە ئەم مانگە بە پیرۆز ڕادەگرن.
وێندی گرین لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "ڕەمەزان وەرزێکی تێڕامان، سۆز و بەزەیی و گیانی پێکەوەییە، کاتێکە بۆ نزیکبوونەوە لە هاوڕێیان، خێزان و هاوسێکانمان."
کونسوڵی گشتیی ئەمریکا جەختی لەسەر پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هاوبەشییەکی قووڵیان هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەها هاوبەشەکان بنیات نراوە."
هەروەها ئاماژەی بە نزیکبوونەوە لە یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و گوتی: "لەم یادەدا ئێمە ئەو هەمەڕەنگی و گیانی پێکەوەییە بەرز ڕادەگرین کە گەلانمان یەکدەخات."
وێندی گرین بە زمانی کوردی پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزانی کرد و هیوای خواست کە ئەم مانگە ببێتە هۆی بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگاکان لە ڕێگەی هاوڕێیەتی و هاوکارییەوە.