چیتر پێویستت بە هەڵگرتنی مۆڵەتی شۆفێری نابێت
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکی نوێی دیجیتاڵی بۆ شوفێران راگەیاند و ئاشکرای کرد، لەمەودوا شوفێران دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە مۆڵەتی شوفێری پیشانی پۆلیسی هاتوچۆ بدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە روو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلیکترۆنییکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ ئەپڵیکەیشنی (KRDPass) زیادکرا کە تایبەتە بە مۆڵەتی شوفێری.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو هاووڵاتیانەی هەڵگری "مۆڵەتی نوێی شوفێری دیجیتاڵین"، دەتوانن لە ئێستاوە کۆپی ئەلیکترۆنی و وردەکاریی مۆڵەتەکەیان لە ناو مۆبایلەکانیان ببینن.
بۆ سوودمەندبوون لەم خزمەتگوزارییە، پێویستە شوفێران ئەم هەنگاوانە بگرنەبەر:
١. کردنەوەی ئەپڵیکەیشنی (KRDPass).
٢. نوێکردنەوەی (Update) ئەپڵیکەیشنەکە بۆ دواین وەشان.
٣. چوونە سەر بەشی "جزدان"، لەوێ کۆپی دیجیتاڵی مۆڵەتەکە دەردەکەوێت.
سەبارەت بەوەی ئەگەر شوفێرێک مۆڵەتی فیزیکی (پلاستیک)ی لەبیرچووبێت، راگەیەنراوەکە دڵنیایی دەداتە شوفێران و دەڵێت: "لەمەودوا ئەگەر مۆڵەتی نوێی شوفێریت لە لا نەبوو، لە کاتی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، دەتوانن کۆپی دیجیتاڵی مۆڵەتەکەتان لەسەر ئەپڵیکەیشنی ئاماژەبۆکراو پیشان بدەن و بێ کێشە تێپەڕ بن".
ئەپڵیکەیشنی KRDPass وەک دەروازەی ئەلیکترۆنی هاووڵاتیانی کوردستان، لەسەر هەردوو سیستمی (Android) و (iOS) بەردەستە و بەشێکە لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت.