کشتوکاڵی هەولێر: سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو مەیدانەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، هێمن سەید مراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، و بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی گشتیی و بنبڕکردنی دیاردە نایاساییەکان، لێژنەیەکی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی مەیدانی ئاژەڵان پێکهێنرا.

هێمن سەید موراد بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لێژنەکە لەلایەن بەرپرسی هۆبەی مەیدانی ئاژەڵان سەرپەرشتی دەکرا، بە بەشداری نوێنەرانی قایمقامیەتی هەولێر و هێزەکانی پۆلیس، بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ بنبڕکردنی زێدەڕۆیی و سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەی ناتەندروست دەستپێکرد.

گوتیشی: "ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە، رێگریکردنە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکان و دوور لە چاودێری و پشکنینی ڤێتەرنەری، کە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتیان دروست دەکات."

ئاماژەی بەوەشدا، لە کاتی بەسەرکردنەوەی مەیدانەکەدا، لێژنەکە هۆشداری دایە سەرجەم کاسبکاران و خاوەن ئاژەڵەکان کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت لە ناو مەیدانی ئاژەڵان کاروچالاکی سەربڕین ئەنجام بدرێت. هەروەها جەخت کرایەوە کە هەر کەسێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت و سەرپێچی بکات، رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.

ئەم هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ رێکخستنەوەی بازاڕەکان و دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و تەندروستیی ئەو گۆشتەی دەگاتە دەستی بەکاربەران.