هانزی فلیك لە ئەستێرەیەكی بارسێلۆنا رازی نییە
فلیك داوای گواستنەوەی یاریزانێكی دیكەی كردووە
ئالێخاندرۆ باڵدێ بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا، بووەتە ئامانجی هاوینی داهاتووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم یاریزانە بە تەواوەتی جێگەی رەزامەندی راهێنەری بارسێلۆنا نییە.
رۆژنامەی ئاتڵێتیکی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت هانزی فلیک راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، لە ئاستی ئالێخاندرۆ باڵدی بەرگریکاری چەپی یانەکەی رازی نەبێت، بۆیەش داوای لە بەرپرسانی یانەکەی کردووە بۆ ساڵی داهاتوو، بەرگریکارێکی دیکە بگوازنەوە ریزەکانیان.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە بەرپرسانی یانەی مانچێستەر یونایتد دەیانەوێت سوود لەو دەرفەتە ببینن و ئەو یاریزانە هاوینی داهاتوو بگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام سەرەتا دەبێت کارگێڕی یانە کەتەلۆنیەکە رازی بکەن دەستبەرداری ئەو یاریزانەیان بن.
ئالێخاندرۆ باڵدێ 22 ساڵان تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا هەیە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی یەک ملیار یۆرۆیە. بە گوێرەی زانیارییەکانیش مانچێستەر یونایتد ئامادەیە، بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە 40 ملیۆن پاوەند پێشکەشی بارسێلۆنا بکات.