بە هۆی تەقینەوەی بوتڵێکی گاز لە پاکستان 16 کەس گیانیان لەدەستدا
لە شاری کراچیی وڵاتی پاکستان، بوتڵێکی گاز لە ناو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا تەقییەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 16 کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە کە زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵن.
پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، لە شاری کراچیی وڵاتی پاکستان، بوتڵێکی گاز لە ناو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا تەقییەوە، تەقینەوەکە لە نهۆمی یەکەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا روویداوە و هێندە بەهێز بووە کە بووەتە هۆی داڕمان و رووخانی بەشێکی بیناکە.
رزوان پاتێل، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە، رایگەیاند، لە سەرەتادا ئاماری گیانلەدەستدان 13 کەس بووە، بەڵام دوای ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری سێ تەرمی دیکەیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا دەرهێنا، ئاماری کۆتایی قوربانییان بۆ 16 کەس بەرزبووەوە.
بە گویرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، رووداوەکە بەهۆی دزەکردنی گازەوە بووە، کە پێدەچێت لە بوتڵێکی گاز یان لە ئامێرێکی بەکارهێنانی گازەوە سەرچاوەی گرتبێت و پاشان تەقینەوە گەورەکەی لێکەوتبێتەوە.
ئاسیف عەلی زەرداری، سەرۆککۆماری پاکستان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییان، فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە زووترین کات باشترین چارەسەری پزیشکی بۆ بریندارەکان دابین بکەن.
هاوکات، سەرۆککۆمار داوای لە حکوومەتی هەرێمی "سند" کرد کە چاودێریی مەرجەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەکانی دیکەدا توندتر بکەن و پشکنینی ورد بۆ بوتڵەکانی گاز ئەنجام بدەن، تاوەکو لە داهاتوودا رێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەم شێوەیە بگیرێت.