پوتن لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا دەرەنجامەکانی دانوستانەکانی جنێف تاوتوێ دەکات

سەرۆکی رووسیا، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا ئەنجامدا، بەشێکی تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی دەرەنجامەکانی گەڕی سێیەمی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی تایبەت بە ئۆکرانیا لە جنێف.

هەینی 20ـی شوباتی 2026، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، داوای لە یاریدەدەرەکەی و سەرۆکی شاندی دانوستانکار، ڤلادیمیر میدینیسکی کردووە، زانیارییەکانی لەسەر دەرەنجامی گفتوگۆکان پێ بدات، کە میدینیسکی پێشتر بە گفتوگۆی سەخت بەڵام پراکتیکی وەسفی کردبوون.

ڤلادیمیر پوتن، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی کردووە باس لەو رێوشوێنانە بکرێت کە ئامانجیان زیادکردنی کاریگەریی توێژینەوەکانە بۆ بەرژەوەندی توانای بەرگریی وڵات، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئامادەباشی سەربازی و بەرگری رووسیادا.

گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی چارەسەری ئاشتیانە لە 17 و 18ـی شوبات لە جنێف بەڕێوەچوو، بە بەشداری شاندەکانی رووسیا، ئەمریکا و ئۆکرانیا. 

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و جارید کوشنەری زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی شاندی ئەمریکایان کرد، لە کاتێکدا کیریل بودانۆڤ، سەرۆکی نووسینگەی ڤلادیمیر زیلینیسکی، سەرۆکایەتی شاندی ئۆکرانیای کرد.

دوای کۆتایی هاتنی بەشە سەرەکییەکەی دانوستانەکان، کۆبوونەوەیەکی داخراوی دیکە ئەنجامدرا، کە لە لایەن ئۆکرانیاوە روستەم عومێرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش و بەرگری نیشتمانی و داڤید ئاراخامیا، سەرۆکی فراکسیۆنی "خزمەتکاری گەل" لە پەرلەمان ئامادەی بوون.

هەروەها شاندێکی بەریتانی بە سەرۆکایەتی جۆناسان پاوڵ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆک وەزیران کێر ستارمر گەیشتە سویسرا، بەڵام سەرچاوەیەک بە ئاژانسی "ڕیا نۆڤۆستی" راگەیاندووە" رێگەیان پێنەدراوە بەشداری چالاکییەکە بکەن و تەنها دانیشتبوون و چاوەڕوانیان دەکرد". ئەمە لە کاتێکدا نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیاش لە دوورەوە چاودێری گفتوگۆکانیان دەکرد.

جێی ئاماژەیە پەیوەندییە داخراوەکانی تیمەکانی کارکردنی تایبەت بە ئاسایش لە کۆتایی مانگی یەک و سەرەتای مانگی دوو لە ئەبو زەبی بەڕێوەچوو، بە بەشداری نوێنەرانی مۆسکۆ، کیێڤ و واشنتن، کە تێیدا باسیان لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پلانی ئاشتی ئەمریکا کرد.

 دوای گەڕی دووەمیش، رووسیا و ئۆکرانیا دیلەکانی جەنگیان بەپێی هاوکێشەی "157 بەرامبەر 157" ئاڵوگۆڕ کرد.

لەمبارەیەوە کرێملن ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە کە "بێ چارەسەرکردنی پرسی خاک بەپێی ئەو شێوازەی لە لووتکەی ئەلاسکادا رێککەوتنی لەسەر کراوە، ناتوانرێت پشت بە چارەسەرێکی درێژخایەن ببەسترێت"، هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە دۆنباس مەرجێکی گرنگی مۆسکۆیە بۆ رێککەوتن و کۆتایی هیێنان بە جەنگی نێوانیان لەگەڵ ئۆکرانیا.