وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان: لە کاتی گونجاو وەڵامی پاکستان دەدەینەوە

(وێنە؛ ئەرشیف، هاووڵاتییەکی ئەفغانستان)
(وێنە؛ ئەرشیف، هاووڵاتییەکی ئەفغانستان)

وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازی لە وڵاتی پاکستان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە چەند ناوچەیەکیان لەناو خاکی ئەفغانستان بۆردومان کرد و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان، هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان ناوچە مەدەنییەکانی لە پارێزگاکانی (نەنگەرهار و پاکتیکا) کردووەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا دەیان هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی و زیانی زۆریش بە شوێنە ئایینییەکان گەیشتووە.

وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشانەی کرد و رایگەیاند: "ئەم کارەی پاکستان پێشێلکردنێکی رووی سەروەری خاکی ئەفغانستان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها دژی بنەماکانی دراوسێیەتی باشە."
هەروەها جەختیشی کردەوە، سوپای پاکستان بەرپرسیارە لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و رایگەیاند: "لە کاتی خۆیدا، بە وەڵامێکی گونجاو و پێوانەکراو وەڵامی ئەم دەستدرێژییانە دەدەینەوە."

لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی پاکستان رایگەیاند؛ هێرشەکان هەڵبژێردراو بوون و لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد ئەنجامدراون.

عەتاوڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان، لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکس ئاشکرای کرد، سوپای وڵاتەکەی حەوت کەمپی چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان و گرووپێکی سەر بە داعشی لە ناوچە سنوورییەکان کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دەربارەی شوێنی وردی هێرشەکان و ژمارەی کوژراوەکان نەخستەروو.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووشدا، پاکستان هێرشی هاوشێوەی کردە سەر جەرگەی خاکی ئەفغانستان بە مەبەستی لێدانی حەشارگەکانی چەکداران، ئەمەش ئاستی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێی گەیاندووەتە لووتکە.