جیاکاریی حکوومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە

جووتیارانی دەشتی شارەزوور گەنمی زۆریان داچاندووە، هێشتا وەرزی دروێنە و کۆکردنەوەی بەروبوومەکانیان نەهاتووە، بەڵام بە نیگەرانییەوە باس لە ئەو ستەم و جیاوازییە دەکەن کە بەغدا بەرانبەریان دەیکات، لەلایەکی دیکەوە  زۆری بارانبارینیش زیانی بە بەرهەمی بەشێک لە جووتیاران گەیاندووە. 

جەمال گردی شەریفی، جوتیارێکی دەشتی شارەزوورە و دەیان دۆنم زەوی بەگەنم داچاندووە، بەڵام هەر لەئێستاوە خەریکە لە بەرهەمەکەی بێهیوا دەبێت، بە کوردستان24ـی گوت،" مانگی 11ـی ساڵی پار گەنممان داچاندووە و مانگی 6 ئەمساڵ دەیدورینەوە، ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریووە و زیانی بەگەنمەکە گەیاندووە، ئەگەر بێت و زیاتر ببارێت گەنمەکە بەیەکجاری لەناودەچێت.

جوتیارێکی دیکەی دەشتی شارەزوورباس لەو ستەمە دەکات کە لە بەغداوە لە جووتیارانی کوردستان دەکرێت، داواش لە حکوومەتی هەرێم دەکات کە بەهانایانەوە بچن و هاوکارییان بکەن.

خەسرەو جاف، جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت،"لە هەر دۆنمێک زەوی عێراق تەنها 96 کیلۆ گەنم وەردەگرێت، بەڵام بۆ جووتیارەکانی خۆیان تەواوی گەنمەکەیان وەردەگرێت بۆ ئەوەی زیان نەکەن، ئەمەش جیاوازییە و ستەم و زوڵمە و ئەنفالی جووتیارانی کوردە، داوا لە سەرۆکی حکوومەت دەکەین لەسەر ئەو ستەمە بێتەدەنگ و قبوولی نەکات.

دەشتی شارەزوور، دابەش دەبێت بەسەر سنوورەکانی پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو قەزای سەیدسادق و شارەزوور، لەسەر رووبەر 250 هەزار دۆنم زەوی، 6 هەزار جووتیار کشتوکاڵ دەکەن و زۆربەی زەوییەکانیش بە گەنم دادەچێنن.

ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە دەشتی شارەزوو 604 ملم باران باریووە، لەکاتێکدا ساڵی پار تەنها 208 ملم باران باریبوو، ئەم جیاوازییە گەورەیەش لەباران بارین گرفتی بۆ جووتیاران درووست کردووە.