ئۆکرانیا ئامارێکی شۆکهێنەر لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارانی رووسیا بڵاودەکاتەوە
سوپای ئۆکرانیا، نوێترین ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی رووسیای لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە 24ـی شوباتی 2022 تاوەکو ئێستا راگەیاند، بە گوێرەی ئامارەکە ژمارەی کوژراو و بریندارانی رووسیا گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس.
یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، سوپای ئۆکرانیا بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوانیان لە گەڵ رووسیا تاوەکو ئێستا ژمارەی سەربازە کوژراو و بریندارەکانی رووسیا گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک و 259 هەزار و 780 کەس، ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 890 سەربازی رووسی کوژراون یان بریندار بوون.
زیانە ماددییەکانی سوپای رووسیا:
بە گوێرەی بەیاننامەکە، هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی جەنگدا توانیویانە ئەم کەرەستە سەربازییانەی رووسیا تێکبشکێنن:
تانک: 11,694 دانە.
زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی جەنگی: 24,069 دانە.
سیستەمی تۆپخانە: 37,470 دانە.
مووشەکی (MLRS): 1,652 دانە.
سیستەمی بەرگری ئاسمانی: 1,303 دانە.
زیانە ئاسمانی و دەریاییەکان:
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە سوپای ئۆکرانیا توانیویەتی 435 فڕۆکەی جەنگی، 348 هێلیکۆپتەر، 142,113 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و 4,314 مووشەکی کروز بخاتە خوارەوە.
هەروەها لەسەر ئاستی دەریاییش، 29 کەشتیی جەنگی و 2 ژێردەریایی تێکشکێنراون، لەگەڵ 79,500 بارهەڵگر و تانکەری سووتەمەنی.
راگەیاندنی ئەم ئامارە لە لایەن ئۆکرانیاوە لە کاتێدایە، جەنگی نێوانیان لە گەڵ رووسیا دوای دوو رۆژی دیکە پێ دەنێتە چوار ساڵەی تەمەنی، هەرچەندە هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی نێوەندگیرەوە بەردوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئاشتی بۆ ناوچەکە دەستەبەر بکات و کۆتایی بەو جەنگە درێژ مەودایە بهێنێت.