هاوپەیمانییەکەی سوودانی: پێداچوونەوە بە پشتیوانیمان بۆ مالیکی دەکەین
هاوپەیمانییەکەی سوودانی دووپاتی دەکاتەوە، پێداچوونەوە بە پشتیوانییان بۆ مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، کاندیدکردنی ئەو، رووبەڕووی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی و هەرێمی بووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" لە پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، پێداچوونەوە بە پشتیوانییان بۆ نووری مالیکی دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران.
ئەعرەجی روونی کردووەتەوە، ئامانجیان لە پشتیوانیکردنی مالیکی کۆتایهێنان بووە بە بنبەستی سیاسی. لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە پێداچوونەوە بە بژارەکانیاندا بکەن، چونکە بەربژێرکردنی نووری مالیکی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنەکە هەروەها نووسیویەتی، بەربژێرکردنی مالیکی رووبەڕووی ناڕەزایەتیی لایەنە سەرەکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووەتەوە. ئەم دۆخەش هانیان دەدات دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ رێکارەکانیان بکەنەوە، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەبێ لایەنگری و بەرژەوەندیی کەسی.
گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ دەسەڵات رووبەڕووی رەتکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی بووەتەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیگەرانییەوە سەیری گەڕانەوەی مالیکی دەکات و پێی وایە، سەردەمی حکوومەتەکەی (2006-2014) بە سەردەمی پەرەسەندنی ململانێی تایفی، گەندەڵی و لاوازبوونی سوپا دادەنرێت، کە دواجار رێگەی بۆ سەرهەڵدانی داعش خۆش کرد.