هاووڵاتییەکی کوردی کەرکووک: سوپای عێراق بە زەبری هێز لە ماڵەکانمان دەرمان دەکەن

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، لە کاتی پارشێودا، هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵە کوردەکانی گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک و بە زەبری هێز خاوەن ماڵەکانیان دەرکرد. 

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک، قسەی لەگەڵ "ئەیووب سەڵاح" ئەنجامداوە کە خاوەنی یەکێک لەو ماڵانەیە و کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە. ئەو، سەبارەت بە رووداوەکە گوتی: "کاتژمێر 2:00ـی شەو لە کاتی پارشێودا، هێزێکی سوپا هاتنە حەوشەی ماڵەکەم و دەرگاکەیان بە زنجیر قوفڵ دا و گوتیان دەبێت لێرە بڕۆنە دەرەوە."

ئەیووب سەڵاح ئاماژەی بەوەش کرد، مامەڵەی هێزەکە زۆر خراپ بووە و هیچ رێزێکیان لە کەمئەندامییەکەی نەگرتووە. گوتیشی: "هەڕەشەیان لێ دەکردین و دەیانگوت یان چۆڵی دەکەن یان دەست بەسەرتاندا دەکەین. هیچ مۆڵەت و فەرمانێکی دادگایان پێنەبوو، تەنیا بە زەبری هێز دەیانویست دەرمان بکەن."

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزەکەی سوپا تاوەکو کاتژمێر 8:00ـی بەیانی لەوێ ماونەتەوە، دواتر بەهۆی گردبوونەوەی خەڵک و دروستبوونی قەرەباڵغی کشاونەتەوە.

 

 

هاوکات پەیامێک ئاراستەی سوپا و پەرلەمانتاران و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت: "ئەگەر کێشەی یاسایی هەیە، با لە رێگەی وەزارەتەکان و دادگاوە چارەسەر بکرێت، نەک بە هێزی سەربازی و تۆقاندنی خەڵک سڤیل، من لە ساڵی 2003ـەوە لەم ماڵەدا نیشتەجێم."

لە لایەکی دیکەوە و هەر لە هەمان گەڕەک، هێزەکەی سوپای عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی 'شەوکەت رەسووڵ'. کێشەی نێوان خاوەنی ئەم خانووانە و سوپا لە دادگەیە و تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە سوپا پێی وایە ئەو خانووانە موڵکی ئەوانن، لە کاتێکدا ساڵانێکی زۆرە ماڵباتی کوردی تێدا نیشتەجێن.

 

 

 

شەوکەت رەسووڵ، خاوەنی ماڵەکە بە کوردستان24ـی گوت: "بۆ پارشێو چوومە ماڵی باوکم، کاتێک هەواڵمان زانی گوتیان سوپا چوونەتە ماڵتان. کە هاتمەوە سەیردەکەم 10 بۆ 12 کەس لە ماڵەکەمدان، گوتیان دەبێت بچیتە دەرەوە، رەتمکردەوە، دواتر بە پاڵ و بە لێدان دەریانکردم."

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە، "سوپا پێیان گوتم، زەوی ئێمەیە و فەرمانمان پێیە، منیش گوتم کوا فەرمان و نووسراوتان؟ تووڕەبوون و گوتیان لێپێچینەوەمان لێ دەکەیت؟ ئیدی هێرشیان کردەسەرم لە بەرچاوی خێزانەکەم و لێیان دام."

هاوکات خوشکێکی شەوکەت رەسووڵ سەبارەت بە ساتی هێرشکردنە سەر باوکی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ویستیان براکەم ببەنە ژوورەوە و لێی بدەن، بەڵام رێگەمان نەدا، دواتر بە راکێشان بردیانە دەرەوە."