گرۆسی و عێراقچی لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند، رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێوارەی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە، لە پەیوەندییەکەدا بیروڕا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە رێڕەوی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرا، هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگی هاوکاریی بونیادنەر و سوودوەرگرتن لە گفتوگۆ کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی دانوستانەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی بەردەوام.
یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند، رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێوارەی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە دووەم پەیوەندییە لە جۆری خۆی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، ئەوەش دوای دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە سێشەممەی رابردوو لە جنێف بەڕێوەچوو.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، پێشتر و لە رۆژی چوارشەممەشدا گرۆسی گفتوگۆی هاوشێوەی لەگەڵ عێراقچی ئەنجامدابوو، ئەمەش لە دوای ئەوە هات عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەیانی رۆژی دووشەممەی رابردوو، دوای گەیشتنی بۆ جنێف و پێش دەستپێکردنی دانوستانە فەرمییەکان، لەگەڵ گرۆسی کۆببووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونیکردەوە، کۆبوونەوەکە لەگەڵ گرۆسی چەند بابەتێکی تەکنیکی پەیوەست بە هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی گرتووەتەوە، لە چوارچێوەی پابەندییەکانی تاران بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم.
لە لایەکی دیکەوە، گرۆسی دوێنێ شەممە رایگەیاند، دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا چووەتە قۆناغی گفتوگۆی ورد و پراکتیکی، ئاماژەی بەوە شکرد، لایەنەکان هەوڵ دەدەن بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر و بەهێز.
گرۆسی لە پۆدکاستێکی ئیسپانییدا گوتی،" کۆبوونەوەی گرنگ لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو لە جنێف ئەنجامدراون و گوتیشی: "ئێستا کار لەسەر دیاریکردنی وردی بەندەکانی رێککەوتنەکە دەکەین، لەوانە ئەوەی چ شتێک دەپشکنرێت و چۆن و تا چ ئاستێک، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێز، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریشی دا ئەگەر هێرشێکی سەربازی رووبدات، ئەوا وێرانکەرتر دەبێت و لێکەوتەی ناوچەیی توندی دەبێت.
سەبارەت بە چالاکیی پشکنەرانی ئاژانس لە ئێران، گرۆسی گوتویەتی: "بەردەوامین لە پرۆسەی پشکنین، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە پشکنەرەکانمان بگەڕێنینەوە بۆ هەستیارترین وێستگەکان کە پێشتر هێرشیان کراوەتە سەر".
ئاماژەی بە سێ شوێن کردووە کە بریتین لە نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ، کە هەندێکیان لە ناو تونێل و ژێر زەویدان وەک شوێنی کۆگاکردنی ماددەکان بەکاردێن.
لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X"، لێدوانەکانی مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکای لە ئیسرائیل ئیدانە کرد، کە تێیدا گوتبووی دەستبەسەرداگرتنی زەوییە عەرەبی و ئیسلامییەکان لە نیلەوە تا فورات بۆ ئیسرائیل رێگەپێدراوە.
بەقایی جەختی کردەوە، ئێران هاوشانی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی ئەم گوتارە ئایدیۆلۆژییە توندڕەوانەیە شەرمەزار دەکات و پێی وایە ئەمە هاندەرە بۆ ئیسرائیل تا تاوانی زیاتر دژی گەلی فەڵەستین و وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام بدات.