عێراق بە بەهای 175 ملیۆن دۆلار کاکاوی لە تورکیا هاوردە کردووە
دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، عێراق لە ساڵی 2025دا، پێگەیەکی بەرچاوی لە لیستی گەورەترین ئەو وڵاتانەدا هەبووە کە بەرهەمەکانی کاکاویان لە تورکیاوە هاوردە کردووە، بە شێوەیەک بەهای هاوردەکردنی لە 170 ملیۆن دۆلار تێپەڕی کردووە.
یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، هەناردەی تورکیا لە کاکاو و بەرهەمەکانی لە ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە 1.66 ملیار دۆلار، کە ئەمە بەرزترین ئاستە تا ئێستا لەم کەرتەدا تۆمار کرابێت.
بە گوێرەی ئامارەکان، ئەمریکا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی هاوردەکاردا هات بە بەهای 244 ملیۆن دۆلار، لە دوای ئەو عێراق بە 175 ملیۆن دۆلار، پاشان ئێران بە 102.8 ملیۆن دۆلار، سعوودیە بە 74.2 ملیۆن دۆلار و رووسیا بە 69.5 ملیۆن دۆلار دێن.
هەرچەندە تورکیا لەسەر ئاستی جیهان وەک بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی کاکاو دانانرێت، چونکە چاندنی کاکاو زیاتر لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور و ئەفریقا چڕبووەتەوە، بەڵام تورکیا پشت بە هاوردەکردنی کاکاوی خاو و دووبارە پیشەسازییکردن و گۆڕینی بۆ بەرهەمی خۆراکی بەهای زیادکراو دەبەستێت، ئەمەش یارمەتیدەر بووە لە بەرزکردنەوەی داهاتی هەناردەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو لە ساڵانی رابردوودا.