باوكی ئەو کوڕە 17 ساڵەی لە دارەتوو کوژرا: دەمانەوێت لەڕێگەی کوردستان24 دەنگمان بگات 

بریندارێکمان گوللـە بە ناوچەوانی کەوتووە و بە نەشتەرگەری گوللـەکە دەرهێنرا

سەروەر پێش چەند رۆژێک لەوەی ببێتە 18 ساڵ، بە گوللـە کوژرا
سەروەر پێش چەند رۆژێک لەوەی ببێتە 18 ساڵ، بە گوللـە کوژرا

K24 – هەولێر:

شەڕی نێوان دوو خێزان، کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی پێنج کەسی دیکەی لێکەوتەوە، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە شەڕەکە بەهۆی "زیزبوونی" ژنێکەوە لەنێوان بنەماڵەی زاوا و خەزووری روویداوە، بەڵام خانەوادەی زاواکە رەتیدەکەنەوە هۆکاری رووداوەکە ئەوە بووبێت و دەڵێن دەیانەوێت لەڕێگەی کوردستان24 دەنگیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگات.

شەڕی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بە گوللـە بووە، کوژراوەکان لە هەردوولان، دەستبەسەرەکانیش بەشێکیان بریندارن. باوکی یەکێک لە کوژراوەکان کە کوڕێکی تەمەن 17 ساڵە، پەیوەندیی بە کوردستان24ـەوە کرد، داوای کرد دەنگی بگەیەنرێت.
سەعدی بەحری، باوکی سەروەری تەمەن 17 ساڵ گوتی "کوڕەکەمم بەدەستی خۆم بردە نەخۆشخانە، یەک گوللـە بەر رانی کەوتبوو و خوێنی لێ دەڕۆیی، بەڵام پێش ئەوەی لە سەری ساڵ ببێتە 18 ساڵ، گیانی لەدەستدا و به‌م ته‌مه‌نه‌ بچووكه‌ی خۆیه‌وه‌، دوو منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشت".

لە شەوی رووداوەکە، هەواڵی بەشەڕهاتنی ئەو دوو بنەماڵەیە وا بڵاوکرایەوە بەهۆی ژنێکەوەیە، بەڵام سەعدی رەتیکردەوە ئەمە راست بێت و دەڵێ "ئەو ماڵەی پەلاماریان داین، ماڵی زاوامانن، ئەوان زۆر لەمێژە تۆمەتیان بۆ برایەکی من هەڵبەستووە کە گوایە پەیوەندیی ناشەرعیی لەگەڵ ژنێکی خزممان هەبووە، بەو هۆیەوە چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئێمە و براکانم، بەڵام هەموو جارێک بە سوڵح لێیان خۆشبووین".

ئەو ژنەی سەعدی باسی دەکات، ئێستا لە ماڵی خۆیەتی، مێردەکەی گوتوویەتی هیچ کێشە و خراپییەکی لە ژنەکەی نەبینیوە و ئاگاداری هیچ شتێكیش نین، بەڵام شەڕ لەسەر ئەو بابەتە لەنێوان براکانی سەعدی و زاواکەیان کە ناوی دەروێش کەمالە بەردەوام بووە.

"بنەماڵەی ئەوان 100 بۆ 120 کەس دەبن، تائێستا ئێمە چوار جار سکاڵامان لەدژیان تۆمار کردووە، جارێک هاتوون، ئێمە لە ماڵ نەبووین، ئەوان لە ژنەکانیان داوە و رۆیشتوون، دوو جاری دیکە لێیان داوین، جارێک لەمن، جارێک لە کوڕە بچووکەکەم، هەردووجار وێنەیان گرتووین لەکاتی لێدان، بەگشتی ئێمە چوار جار سکاڵامان تۆمارکردووە، هەرجارە و لە بنکەی پۆلیسی دارەتوو ژمارەیەکیان دەستبەسەرکراون، بەڵام خەڵک و پیاوماقووڵ هاتوونەتە نێوانمان و لێیان خۆشبووین، تاوکو دوایینجار، کە کوڕە گەورەکەم تێیدا کوژرا".

دوایین شەڕ

هۆشەنگ، برازای سەعدیە و زاوای دەروێش کەمالە. چەند رۆژێک پێش ئێستا خێزانەکەی لەگەڵ دوو منداڵەکەی ناردووەتەوە ماڵی باوکی بۆ سەردانی. ئەو پەیوەندی بە کوردستان24ـەوە کرد و، گوتی "بەهیچ شێوەیەک راست نییە، کێشە و شەڕی نێوان بنەماڵەی ئێمە و بنەماڵەی خەزوورم لەسەر زیزبوونی هاوسەری من بووبێت، لەراستیدا کێشەکە بۆ بوختان دەگەڕێتەوە و هیچ پەیوەندییه‌كی بە هاوسەرەکەی منەوە نییە".

هۆشەنگ گوتی کە پەیوەندیم بە هاوسەرەکەم کرد بۆ ئەوەی بزانم کەی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، ئەوان نەیانهێشت و تەلەفۆنەکەیان لێ وەرگرت و گوتیان نایدەینەوە، "منیش گوتم باشە بەڵام دوو منداڵەکەم بدەنەوە".

هۆشەنگ، کە لەگەڵ هاوسەرەکەی لە سلێمانی دەژین، لە ماڵی مامی لەگەڵ دوو ئامۆزای چاوەڕێ بووە تاوەکو منداڵەکانی بۆ بهێننەوە، کاتێک بە گوتەی سەعدیی مامی "بە پێنج، شەش ئۆتۆمبێل هاتن هێرشیان هێنایە سەرمان".

ئێستا هۆشەنگ بەگوتەی خۆی، بەهۆی بەشداریکردنی لە شەڕەکە، هەڵاتووە و فەرمانی دەستبەسەرکردنی هەیە، ناشزانێت منداڵەکانی لە کوێن. 

"سێ کەس بەرامبەر نزیکەی 15 چەکدار"

سەعدی دەڵێ "ئەوان 12 کڵاشینکۆڤ و دوو دەمانچەیان پێبوو، بە چوار، پێنج ئۆتۆمبێل هاتنە سەرمان و چەکدارەکان هاتنە دەرەوە، ئیدی کوڕەکەم و برازاکانم چەکیان هەڵگرت و رووبەڕووی یەکتر بوونەوە. ئێمە، هەر ئەو سێ چەکەمان هەبوو، بەڵام کاتێک کوڕەکەم گوللـەیەک بەر رانی کەوت، ئاگام لە هیچ نەما، خێرا بردمە بنکەی پۆلیسی دارەتوو بۆ ئەوەی بزانن چی روویداوە، ئەوانیش گوتیان یەکسەر بیبە نەخۆشخانە، کە بردم و لەوێ جێمهێشت، حاڵی باش بوو، تەنیا گوللـەیەک بە رانی کەوتبوو، بەڵام دوای دوو کاتژمێر، پەیوەندییان کرد و گوتیان خوێنی زۆر لێ رۆییوە و گیانی لەدەستدا".

لە شەڕەکەدا برازایەکی دیکەی سەعدی گوللـە بە ناوچەوانی کەوتووە و بریندارە، هۆشەنگ دەڵێ "لەڕێگەی نەشتەرگەری بەشێکی قەپاغی سەریان هەڵگرتووە، گوللـەکەیان دەرهێناوە و ئێستا رەوشی تەندروستیی جێگیرە".

لە کۆتایی گوتەکانیدا سەعدی ئاشکرای کرد، ئەوان رایانکردووە، دەشڵێت: لایه‌نی به‌رامبه‌ر 120 کەس دەبن و ئێمە تەنیا حەوت کەسین، بۆیە ئێمە رامانکردووە، خۆمان شاردووەتەوە تاوەکو یاسا بەسەریاندا جێبەجی دەکرێت.

یاسا چی لەبارەی ئەم کەیسەوە دەڵێ؟

سەعدی و برازاکەی باسیان لەوە کرد، ئەوان پێشتر چەند جارێک سکاڵایان تۆمارکردووە، بەڵام خه‌ڵك هاتوونەتە نێوانیان و سوڵحیان کردووە، بەڵام سوڵح لەرووی یاساییەوە چۆن دەکرێت؟

عەلی سەلیم بەگ، خوێندکاری دکتۆرا لە یاسا و تاوانناسی، لەبارەی ئەو جۆرە لێخۆشبوون و پەلاماردانانە قسەی بۆ کوردستان24 کرد.

عەلی دەڵێ "له‌ حاڵه‌تێك ئه‌گه‌ر كه‌سێك سكاڵا له‌ دژی كه‌سێك تۆمار بكات، دواتر له‌سه‌ر نێوه‌ندگیری خه‌ڵك ده‌ست له‌ سكاڵاكه‌ی هه‌ڵبگرێت و له‌لایه‌ن به‌رامبه‌ر خۆش بێت، پاشان لایه‌نی به‌رامبه‌ر دووباره‌ هێرشی بكاته‌وه‌ سه‌ر و هه‌مان تاوانه‌كه‌ی ئه‌نجام بداته‌وه‌، لەڕووی یاساییەوە سزاكه‌ی قورستر دەبێت".

لەبارەی چەکهەڵگرتن بەرامبەر ئەوانەی هێرشیان هێناوەتە سەریان، دەڵێ "پاڵپشت بە ماددەكانی (42، 43، 44، و 45) لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراو، مافی بەرگریکرن (حق الدفاع) لە خودی خۆت یان ئەندامانی خێزانت یان ماڵ و سامانت، بەپێی یاسا ئەوەیە؛ هەرتاكێكی كۆمەڵگا، یاسا رێی پێیداوە بەرگری لە خۆی و ماڵ و سامانی بكات، ئەگەر كوشتنیشی لێبكەوێتەوە، كەسی بەرگریكار بەرپرسیار نابێت، بەڵام بەم مەرجانە:

1 - دەبێت بەرگریكار ناچار بێت لە بەرگریكردن، بەهۆی ئەوەی ژیان و سامانی کەوتووەتە مەترسیەوە.
2-  بەرگریكار دەنگی نەگاتە هێزە ئەمنییەكان.
3-  دەبێت بەرگریكردنەكە لەهەمان كات بێت، ئەگەر دوابخرێت، نابێتە بەرگریی رەوا و دەبێتە حاڵەتی تۆڵەکردنەوە و تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە.
4 - دەبێت بەرگریکردنەکە هاوتا بێت بۆ نموونە "كەسێک بەناوی (أ) بە دارێك بەنیەتی برینداركردن هێرش دەكاتە سەرت، لێرەدا، تۆ بۆت هەیە بە ئەندازەی خۆی بەرگری بكەی و، رووبەڕووی ببیەوە. 

کوردستان24 چەند جارێک پەیوەندی بە کەسێک لە خێزانی دەروێش کەمالەوە کرد، تاوەکو چیرۆکەکە لە روانگه‌ی ئەوانیشەوە بڵاوبکەینەوە، بەڵام ژمارەکەی بەردەست نەبوو.

 

هـ.ر.