لایەنە کوردییەکانی خانەقین بڕیارێکی بەغدا رەتدەکەنەوە و مۆڵەتی 48 کاتژمێر دەدەن

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و چالاکوانانی شاری خانەقین دژی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق بۆ گۆڕینی پێگەی کارگێڕی چەند شارەدێیەک دەوەستنەوە و هۆشداری دەدەن لەوەی خانەقین رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی سڕینەوەی ناسنامە بووەتەوە.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری خانەقین، نوێنەری لایەنە کوردییەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانانی شارەکە، بێزاری خۆیان لە بڕیاری بە شارۆچکە کردنی هەردوو ناحیەی "گوڵاڵە (جەلەولا) و قەرەتەپە" دەربڕی.

بەگوێرەی گوتەی بەشداربوانی کۆنگرەکە، ئەم بڕیارەی حکوومەتی فیدراڵ هیچ بنەمایەکی یاسایی و کارگێڕی نییە و تەنیا ئامانج لێی بچووککردنەوەی سنووری شارۆچکەی خانەقینە. ئاماژەیان بەوەش کرد، خانەقین لە گەورەترین شارۆچکەی پارێزگای دیالەوە، ئێستا خەریکە دەکرێتە شارۆچکەیەک کە هیچ شارەدێیەک بەسەرەوە نەمێنێت، دوای ئەوەی شارەدێیەکانی بەمۆ، جەبارە، سەعدیە و ئێستاش گوڵاڵە و قەرەتەپەی لێ جیا دەکرێتەوە.

چالاکوانانی خانەقین لە کۆنگرەکەدا رایانگەیاند: "ئەمە پلانێکی مەترسیدارە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و لاوازکردنی پێگەی کورد. مۆڵەتی 48 کاتژمێر دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، بە پێچەوانەوە دەست بە خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی فراوان دەکەین."

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد و فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا کرا، بە خێرایی بێنە سەر خەت و ڕێگری بکەن لەو پەراوێزخستنە کارگێڕی و سیاسییەی کە بەرامبەر بە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت.