رەوتی حیکمە: هیچ رێککەوتنێکی چوارقۆڵی بۆ کشانەوەی پشتگیری لە مالیکی نەکراوە
ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی لە بارەی چارەنووسی نووری مالیکی و کاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە؛ لەلایەن خۆیەوە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، کە بەشێک لە چوارچێوەکە، بوونی هەر جۆرە رێککەوتنێکی چوارقۆڵی بۆ پشتکردنە نووری مالیکی رەت دەکاتەوە.
دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، فەهد جبووری، ئەندامی رەوتی حیکمە لە لێدوانێکدا رایگەیاند "ئەو قسانەی باس لە چوونە ناو رێککەوتنێکی چوارقۆڵی لەلایەن عەممار حەکیمەوە دەکەن بۆ کشانەوەی پشتگیری لە نووری مالیکی، ناڕاستن و هەڵبەستراون".
جبووری دەڵێت "کشانەوەی مالیکی لە کاندیدبوون، ئەگەر رووبدات، دەبێت بە رەزامەندی و رێککەوتنی زۆرینەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بێت، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی تێکدانی یەکڕیزی چوارچێوەکە یان دروستکردنی لێکترازان لە ناوخۆدا."
ئاماژەی بەوەش کردووە،"زۆرینە خاوەنی بڕیارە لەم پرسەدا، ئەوان بەرپرسیارێتی هەر بژاردەیەک هەڵدەگرن کە لە قۆناخی داهاتوودا پەسەند بکرێت."
هەروەها گوتویەتی:"ئەو بژاردانەی خراونتە روو دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە، لە سێ رێگەدا کورت دەبنەوە: یەکەم، مالیکی بە ئارەزووی خۆی کشانەوەی رابگەیەنێت و رێگە خۆش بکات بۆ کەسایەتییەکی تر کە کۆدەنگی لەسەر بێت.
دووەم، زۆرینەی راسپێردراو بە فەرمی کاندیدبوونی بکێشنەوە.
بژاردەی سێیەمیش: بەردەوامبوونە لە کاندیدکردنی مالیکی و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی لێکەوتە سیاسییەکانی ئەو بڕیارە."
جبووری جەختی لەوەکردووەتەوە، عەممار حەکیم پەنا بۆ لەتکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی نابات لە رێگەی کشانەوەی پشتگیری یان چوونە ناو لێکتێگەیشتنی لابەلا"، ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکڕیزی چوارچێوەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا لە پێشینەی کارەکاندایە.
ئەم قسانەی فەهد جبووری لە کاتێکدایە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی پرسی کاندیدی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە زۆرینەی ئەندامان لەگەڵ کشاندنەوەی مالیکین و دیاریکردنی جێگرەوەییەکن.
لەنێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دا، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، لایەنە سیاسییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە کاندیدکردنی مالیکی رووبەڕووی ناڕەزایەتیی سەرەکی بووەتەوە لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگی، جگە لەو تێبینی و بەربەستە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی لەسەر ناوبراو هەن.
هاوپەیمانییەکە داوای کردووە، پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی دیاریکردنی کاندیددا بکرێت و پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی کەسی دوور بخرێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 محەممەد شیاع سوودانی پەیامێکی بۆ نووری مالیکی ناردووە و داوای لێدەکات لە خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بکشێتەوە، ئەگەر هەر سوور ببێت لە سەر کاندیدبوونی، ئەوە سوودانی بە فەرمی رایدەگەیەنێت کە پاڵپشتی لە نووری مالیکی ناکات.
هاوکات ڤیکتۆریا تەیلەر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق لە ئەتڵانتیک کاونسڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: کشانەوەی سوودانی لە پشتیوانیکردنی نووری مالیکی کۆتایی بە کاندیدیبوونی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەش دا، هەمیشە پشتیوانیی سوودانی بۆ مالیکی تاکتیکی بووە و لەسەر بنەمای هاوبەشیی ستراتیژیی درێژخایەن نەبووە، بەڵام پێدەچێت سوودانی چاوەڕێی ئەوە بووبێت دڵنیایی ئەوە بدات، لەو گۆڕانکارییە بەرژەوەندییەکانی خۆی پارێزراوبن.
لە لایەکی دیکەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە راسپاردەی سەرۆکوەزیران، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دواین پێشهاتە ئەمنییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کراوە، هەروەها لێکەوتە و کاریگەرییە بۆچوون کراوەکانی ئەو دۆخە لەسەر گۆڕەپانی عێراق هەڵسەنگێردراوە.
کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری دیدگایەکی پێشوەختە کردووەتەوە کە ژیرانە و نەرم بێت، بە جۆرێک هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و سەقامگیریی وڵاتدا رابگرێت.