چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەنگ نییە لەسەر مانەوەی نووری مالیکی
ناکۆکییەکان کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەکدەخات و گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسریش دەڵێت:" ئەوە یەکەمجارە ناکۆکییەکانی نێوماڵی شیعە بگاتە ئەو ئاستە و باسی پەیامێکی عەلی سیستانیش دەکات.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە کوردستان 24ـی راگەیاند، کاتی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی نادیارە، بەڵام دەسپێشخەرییەکی زۆر هەیە کۆبوونەوەی سێقۆڵی و چوارقۆڵی لەنێو ژمارەیەک لە سەرکردەکانی چوارچیوەی هەماهەنگی، بە سەرۆکایەتی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەبچێت.
پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو دووشەممەیەک کۆبوونەوەی خولی خۆی دەکرد، بەڵام هەفتەی رابردوو لە دوای چەند جارێک لە دواخستنی هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکرا،
بە گوتەی گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، ئەوە یەکەم جارە ناکۆکی نێو لایەنەکان بگاتە ئەو ئاستە و دەشڵێت، دووبەرەی ناکۆک هەن یەکەمیان ئەوانەن کە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ کاندیدکردنی نووری مالیکی دا نەبوون، بەرەی دووەمیش پێداگری لە مانەوەی دەکەن، رەتیشی کردەوە هیچ زانیاریەک لەبارەی ناوی ئەو دووبەرەیە ئاشکرا بکات.
چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەنگ نییە لەسەر مانەوەی نووری مالیکی، وەک کاندید بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق؛ عەقیل ردێنی لەوبارەیەوە دەڵێت:" لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت مانەوەی مالیکییە، یاخود دیاریکردنی کاندیدێکی دیکەیە، هەر بڕیارێکیش بدرێت، دەبێت بە کۆدەنگی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بێت.
لەبارەی پێگەیشتنی پەیامێکی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەکان، بە هاوپەیمانیی نەسر بۆ رەتکردنەوەی نووری مالیکی لەلایەن، عەقیل ردێنی رایگەیاند، لەو باوەڕەدانین ئەو پەیامە راست بێت بەڵکو بابەتەکە پەیوەندیدارە بە پەیامەکەی ساڵی 2014، کە ئەوکات مەرجەعیەت دژی ئەوە بوو نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی، تەنیا کۆبوونەوەکانی پەکنەخستووە، بەڵکو ماوەی چەند رۆژێکە لەبری کۆبوونەوەی گشتیی، سەرکردە شیعیەکان کۆبوونەوەی سێقۆڵی و چوارقۆڵی دەکەن و ئەمەش بە دابەشبوونی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دادەندرێت.