وەزیری پلاندانان فەرمانی بەقەزاکردنی گوڵاڵەی دەرکرد
وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری دا بە فەرمی "گوڵاڵە" لە سنووری پارێزگای دیالە بکرێتە قەزا، ناحیەی سەعدییەش بخرێتە سەر ئەو قەزا نوێیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، د. خالید بەتال نەجم، وەزیری پلاندانانی عێراق بە وەکالەت، فەرمانێکی وەزاری دەرکرد بۆ هێنانەکایەی قەزای گوڵاڵە لە پارێزگای دیالە.
بەپێی فەرمانەکە، سەنتەری قەزاکە دەبێتە شاری گوڵاڵە و کۆدی کارگێڕی (21101)ی پێدراوە، هەروەها بە فەرمی خراوەتە ناو رێبەری یەکە کارگێڕییەکانی کۆماری عێراقەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی رێکخستنی کارگێڕی و پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی گەشەپێدانی ناوخۆیی وەسف کراوە.
لەم بارەیەوە، عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند: "بڕیاری بەقەزاکردنی گوڵاڵە دوای توێژینەوەیەکی وردی مەیدانی و کارگێڕی هاتووە، فەرمانگەی گەشەپێدانی هەرێمی و ناوخۆیی سەر بە وەزارەتەکەمان توێژینەوەکەی ئەنجام داوە." ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی فەرمانەکە، ناحیەی سەعدییە دەخرێتە سەر قەزای گوڵاڵە و کۆدی (21102)ی پێدراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاشکرای کرد، قەزای گوڵاڵە مەرجەکانی تێپەڕاندووە و 80 خاڵی بەدەستهێناوە، بەتایبەت لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە، پێویستە ژمارەی دانیشتووانی هەر قەزایەک لە 50 هەزار کەس کەمتر نەبێت، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی شاری گوڵاڵە نزیکەی 94 هەزار کەسە، جگە لەوەی نزیکەی 40 هەزار کەسیش لە ناحیەی سەعدییەی سەر بە قەزاکە دەژین.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان تیشکی خستووەتە سەر گرنگیی قەزا نوێیە و دەڵێت: "گوڵاڵە پێگەیەکی جوگرافیی گرنگی هەیە، ژمارەیەک پارێزگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە هەمان کاتدا خاوەنی پێگەیەکی باشی ئابووری و کشتوکاڵییە. هەروەها بەهۆی بوونی دەریاچەی حەمرین و رووبەرێکی فراوانی کشتوکاڵی، دەرفەتی باشی گەشتیاریشی تێدایە."
لە رووی ژێرخان و خزمەتگوزارییەوە، قەزای گوڵاڵە زیاتر لە 56 قوتابخانەی قۆناغە جیاوازەکان، نەخۆشخانەیەک، دوو بنکەی تەندروستی، شوێنەکانی ئاینی، پرۆژەکانی ئاو و کارەبا لەگەڵ ژمارەیەک فەرمانگەی حکوومی لەخۆدەگرێت.
گوتەبێژی وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ رێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕیی یەکە ناوخۆییەکان، بە جۆرێک لەگەڵ گەشەپێدانی بەردەوامدا بگونجێت و ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان بەرز بکاتەوە.